شەونخوونی.. ئەو خووەی زیانی زۆر بە تەندروستی دەگەیەنێت

:: PM:03:38:16/04/2026 ‌
زۆرن ئەوانەی شەوان تا بەرەبەیان شەونخوونی دەكەن و خۆیان بەدیار شاشەكان یان كاروباری ترەوە خەریك دەكەن بێ ئەوەی كات بە خەوتن ببەخشن، گومان لەوەدا نییە كە هۆكارەكەی نەبوونی هۆشیارییە لەوبارەیەوە، چونكە شەونخوونی زیانی زۆر بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت. بۆیە پزیشكان لە رێگەی پێگەیەكی عەرەبییەوە، باس لە زیانەكانی شەونخوونی دەكەن.

پزیشكان لەبارەی زیانەكانی شەونخوونییەوە قسەیان بۆ بەشب زانستی و تەندروستیی پێگەی "ئەهرام"ی میسری كردووە و دەڵێن، لەلای هەندێك كەس شەونخوونی بووەتە خوو بی ئەوەی زانیارییان لەبارەی زینەكانی هەبێت یان فەرامۆشی دەكەن، چونكە ئەو خووە كاریگەریی لەسەر مێشك و جەستە دەبێت و لە درێژمەودادا، ئەگەری زۆرە تووشی چەندان نەخۆشییان بكات. دووپاتی دەكەنەوە كە لە سەرەتادا هەست بە زیانەكانی ناكەن، بەڵام دوای ماوەیەكی زۆرتر، زیانەكانی بە روونی لەسەر مێشك و جەستە دەردەكەون.

لەبارەی زیانەكانی شەونخوونی پزیشكان باس لە كاتژمێری بایۆلۆجی دەكەن و دەڵێن، لەناو جەستەی مرۆڤدا كاتژمێرێكی ناوەوە هەیە كە بە بایۆلۆجی ناو دەبرێت، كاری ئەوەیە كاتەكانی خەوتن و بەئاگاهێنانەوە رێكدەخات، كاتێكیش شەونخوونی درێژەی هەبێت، ئەو كاتژمێرە تێكدەچێت و دواتریش كاریگەریی نەرێنیی لەسەر میزاج و وزە و سەرنج لە رۆژدا دەبێت.

ئاماژە بەوە دەدەن كە شەونخوونی واتە كەسەكە لە رۆژدا خەوی دێت و ئەویش كاریگەریی لەسەر ئەركەكانی مێشك دروست دەكات، بۆ نموونە كەمبوونەوەی سەرج، خاوبوونەوەی بیركردنەوە، ئەستەمیی كۆكردنەوەی زانیارییەكان، نەتوانینی دانی بڕیار، هەموو ئەوانە بەهۆی شەونخوونییەوە دروست دەبن.

پزیشكان ئەوەش دەڵێن كە شەونخوونیی بەردەوام، جەستە دەخاتە ژێر پاڵەپەستۆیەكی زۆر كە ئەویش دەبێتە هۆی لاوازبوونی بەرگریی جەستە، سەرئێشە و ماندووبوونی بەردەوام. دواتریش ئارەزووی خواردن نامێنێت و كەسەكە وەك جەستە لاواز دەبێت. 

هەروەها دووپات لەسەر كاریگەرییەكانی سەر مێشك بەهۆی شەونخوونییەوە دەكرێتەوە كە دەبێتە هۆی داهێزرانی جەستە و لاوازبوونی بیركردنەوە، تووڕەیی و دڵەڕاوكێی بەردەوام. بۆیە پزیشكان دەڵێن تێرخەوی دەبێتە هۆی بیناكردنەوەی جەستە و مێشك، بۆیە ئەگەر تەنانەت یەك سەعاتیش بە ئاسوودەیی بخەون، دەبنە خاوەنی جەستەیەكی تەندروست، بۆیە گرنگە خۆتان لە شەونخوونی دوور بكەنەوە بۆ تەندروستییەكی زۆرباش.

 


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د