لە كاتی گەشتكردن یان گواستنەوەی ماڵ یاخۆ ئەگەر كارەبا نەبێت، ئەگەر وریا نەبن، ئەوا ئەو خۆراكەی لە بەردەستاندایە تێكدەچێت یان ژەهراوی دەبێت، بۆ ئەوەی تووشی ئەو كێشەیە نەبن و تەندروستیتان نەكەوێتەبەر مەترسی، پسپۆرانی بواری خۆراك هەندێك رێنوێنی دەخەنەڕوو كە خۆراك لە تێكچوون و ژەهراوی دەپارێزن.
بەشی زانستی پێگەی "
ئەهرام"ی میسری، هەواڵێكی لەبارەی لە كاتی نەبوونی كارەبادا، چۆن هەڵسوكەوت لەگەڵ خۆراك بكرێت تا لە تێكچوون و ژەهراویبوون بپارێزرێت، بۆ ئەوەیش پسپۆرانی بواری خۆراك چەندان رێنوێنی لەوبارەیەوە دەخەنەڕوو، بەتایبەتی ئەوكاتانەی خێزان لە گەشتدا دەبن یان لە كاتی گواستنەوەی ماڵ یاخۆ نەبوونی كارەبا، وا بكەن لە خۆراكی تێكچوو دوور بكەونەوە و خواردنی تەندروست بخۆن، هەموو ئەوانە لە وەرزی هاویندا دەكرێ كە كەش گەرم دەبێت.
لە رێنوێنییەكاندا هاتووە كاتێك كارەبا نەبێت و نەتوانن سوود لە ئامێری ساردكەرەوە ببینن، باشترە ئەگەر هەندێك بەفر لە ژێرەوە و سەرەوەی ئەو خۆراكە دابنرێت و ئەویش بۆ ماوەیەكی درێژ لە تێكچوون دەیپارێزێت، یان خۆراكەكە بكرێتە ناو كیسەیەكی داخراو، ئەوەیش وا دەكات گەرمای راستەخۆی بۆ نەچێت.
لە رێنوێنییەكی تردا باس لەوە دەكەن، گرنگە ئەو خۆراكانە بەكار بهێنرێن كە توانای مانەوەیان بۆ ماوەیەكی درێژتر بەبێ كارەبا هەیە، نموونەیان نان یان میوەی وەك مۆز و سێو، هەروەها خورما و چەرەزات، بۆیە باشترە خۆتان لە گۆشت و بەرهەمی شیرەمەنی دوور بخەنەوە كە ئەوانە بە ماوەیەكی كەم تێكدەچن.
هاوكات بۆ پارێزگاری لە خواردن ئەگەر كارەبا نەبوو، دەتوانن رێگە تەقلیدییەكان بەكار بێنن كە لە كۆندا ئەنجام دراون، بۆ نموونە هەندێك خوێ بكەنە سەر خواردنەكە كە بەكتریا لە گەشەكردن دەوەستێنێت، یان هەندێك سركە بخەنەسەری كە ئەویش بۆ ماوەیەكی درێژتر خۆراكەكە دەپارێزێت. رێنوێنییەكی تر پاراستنی خۆراكە لەناو قاپی فەخفووری، لەلایەك خۆراكەكە لە شێ دەپارێزێت، هاوكات شووشەكەیش پلەی گەرمای دادەبەزێنێت، بەڵام گرنگە قاپەكە هەوای پێ بگات و دوور بێت لە تیشكی هەتاو.
دواتریش پسپۆرانی بواری خۆراك ئامۆژگاری دەكەن، ئەگەر خۆراك هەرچەند زۆر بێت، ئەگەری تێكچوونی زیاتر دەبێت، بۆیە باشترین رێگە بۆ تەندروستیی خۆراك، ئەو خۆراكەیە كە كاتێك دروست دەكرێت، دەستبەجێ بخورێت و نەمێنێتەوە. وەك دڵنیاییش ئەگەر خۆراك مابووەوە و دڵنیا نەبوون لە تەندروستبوونی، چاوەڕێ مەكەن بۆنی ناخۆش بێت یان رەنگی گۆڕابێت، تەنیا ئەگەر گومانت لێ هەبوو، دەستبەجێ فڕێی بدەن و نەیخۆن.