بەپێی ئەو راپۆرتە نوێیە پزیشكییانەی كە بەمدواییە بڵاو بوونەتەوە، حاڵەتی تووشبوون بە وەستانی مێشك لەناو گەنجان زۆر زیاتری كردووە بەتایبەتی لەناو ئافرەتان. پزیشكانی بوارەكەیش دیاردەكە بە مەترسییەكی رژد دەبینن و بەلایانەوە گرنگە هۆشداریی لەبارەی هۆكارەكانی بڵاو بكرێتەوە.
پێگەی "ئەهرام"ی میسری، بەپێی بڵاوبوونەوەی راپۆرتە نوێیە پزیشكییەكان لەبارەی زۆربوونی حاڵەتی وەستانی مێشك لەلای گەنجان، زانیاریی بڵاو كردووەتەوە كە پسپۆرانی بواری مێشك قسەیان بۆ كردووە و ئاماژە دەدەن، زۆربەی ئەوانەی تووشی وەستانی مێشك لەناو گەنجان دەبن، لە ئافرەتانن و حاڵەتەكەیش مەترسیدارە و هۆشداریی دەخوازێت.
لەبارەی جۆری نەخۆشییەكەیش پزیشكان دەڵێن، وەستانی مێشك كاتێك دروست دەبێت كە لە ناكاودا چوونی خوێن بۆ مێشك تێكبچێت، جا هۆیەكەی جەڵتە بێت لە یەكێك لە دەمارەكان یان خوێنبەربوونی ناوەوە بێت، ئەوانەیش وا دەكەن شانەكانی مێشك تێكبچن و ئەگەر نەخۆش زۆر بە خێرایی فریای چارەسەر نەكەوێت، مەترسیی لەسەر ژیانی دروست دەبێت.
پسپۆرانی بوارەكە هۆكارەكەی بۆ چەندان فاكتەر دەگەڕێننەوە، لە ناویاندا پاڵەپەستۆی خوێن، یان جگەرەكێشان، یاخۆ كەمیی راهێنانی جەستەیی، هەروەها دڵەڕاوكێی بەردەوام كە هەموو ئەوانە هۆكاری تووشبوون بە وەستانی مێشكن، بۆیە تەواوی ئەو هۆكارانە لەناو گەنجاندا زۆرن، بۆیە دەبینرێ دیاردەكە بەتایبەتی لەناو ژناندا زیاتر دەبینرێت.
پسپۆران دووپات دەكەنەوە كە زۆر گرنگە لە سەرەتای دەركەوتنی نیشانەكانی وەستانی مێشك، بەخێرایی نەخۆش بگەیەنرێتە لای پزیشكی پسپۆر و وەرگرتنی چارەسەر. نیشانەكانیش وەك هەستكردن بە خواربوونی لایەكی رووخسار، ئەستەمی لە قسەكردن یان لەدەستدانی هاوسەنگی، یاخۆ سەرئێشەیەكی زۆر.
دواتریش پسپۆرانی بوارەكە، ئامۆژگاری دەكەن كە زۆر پێویستە ماوەماوە پشكنین بۆ پاڵەپەستۆی خوێن و كۆلیسترۆڵ بكرێت، هەروەها بایەخدان بە سیستمی خۆراكیی تەندروست و هاوسەنگ، جیا لە بەردەوامبوون لە راهێنانی جەستەیی رۆژانە.