ڤایرۆسی هانتا لە ناو كەشتییەكی گەشتیاری بڵاو بووەوە

:: AM:11:28:04/05/2026 ‌
میدیاكان بڵاویان كردەوە، ڤایرۆسی هانتا لە ناو كەشتیی گەشتیاری "ئێم ڤی هۆندیۆس" كە لە ئەرجەنتینەوە بەرەو دوورگەی كابۆ ڤێردی لە نزیك كیشوەری ئەفریقا بڵاو بووەتەوە، تا ئێستە سێ كەس بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیانیان لە دەست داوە.

بەگوێرەی زانیارییە بڵاوكراوەكان، لەسەر ئەو كەشتییە 170 سەرنشین و گەشتیار و 71 ئەندامی تیمی بەكارخستنی كەشتییەكە بوونیان هەیە و پێشتر مردنی سێ كەس بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە لەسەر كەشتییەكە ڕاگەیەنرا، كە دوو لە مردووان ژن و پیاوێكی هاوسەری یەكترن و لە بنەڕەتدا خەڵكی هۆڵەندان.

هاوكات گەشتیارێكی بەریتانیش كە لەسەر كەشتییەكە بووە و شوێنەواری ڤایرۆسەكە لەسەر جەستەی دەركەوتووە، لە وڵاتی باشووری ئەفریقا لە كەشتییەكە هێنراوەتە خوارەوە و براوەتە نەخۆشخانە.

ئێستە كەشتییەكە لە بەندەری برایای پایتەختی كابۆ ڤێردی لەنگەری كردووە و ڕێ بە سەرنشینەكان و تیمی بەكارخستنی نادرێت لە كەشتییەكە بێنە خوارەوە، تا پشكنینی وردی پزیشكیان بۆ نەكرێت.

ڤایرۆسی هانتا چییە؟
جۆرە ڤایرۆسێكی كوشندەیە كە تووشی گیانەوەرە مەمكدارە بچووكەكان دەبێت و بۆ مرۆڤیش دەگوازرێتەوە، تووشبوونی مرۆڤ بەو ڤایرۆسە كاریگەریی ترسناك لەسەر ژیانی كەسەكە دروست دەكات و ڕووبەڕووی مەرگی دەكاتەوە، دەبێتە هۆی لەدەستدانی سییەكان و لەكاركەوتنی دڵ و تای خوێنبەربوون.


وشە - باز ئه‌حمه‌د