ئەو خۆراكە سروشتییانەی بەرگریی جەستە بەهێزتر دەكەن و لە نەخۆشی دەتانپارێزن

:: PM:03:16:09/05/2026 ‌
زۆرن ئەوانەی هەمیشە بەدوای ئەو رێگایانە دەگەڕێن كە بەرگریی جەستەیان پێ بەرز بكەنەوە، بەتایبەتی بۆ ئەوەی لە گۆڕینی وەرزەكاندا لە پەتای وەرزی خۆیان رزگار بكەن. بۆ ئەوەیش پسپۆرانی بواری خۆراك، ئاماژە بەو خۆراكە سروشتییانە دەكەن كە بەهۆیانەوە بەرگریی جەستە بەرز دەكەنەوە و دواتریش مرۆڤ لە نەخۆشییەكان دوور دەخەنەوە.

بەشی زانست و تەندروستیی پێگەی "ئەهرام"ی میسری، زانیارییەكانی لەسەر زاری پسپۆرانی بواری خۆراك بڵاو كردووەتەوە كە قسەیان بۆ پێگەی Healthline  كردووە، ئاماژە بەوە دەدەن كە ژمارەیەك خۆراكی سروشتی هەن و بە خواردنیان، بەرگریی جەستە بەرز دەكەنەوە و لە نەخۆشی دەتانپارێزن، بەتایبەتی ئەو خۆراكانەی بە ڤیتامینەكان و رەگەزە خۆراكییەكان دەوڵەمەندن.

پسپۆرانی بواری خۆراك دەڵێن، لە سەرووی ئەو خۆراكانە، میوە ترشەكانن و نموونەیان پرتەقاڵ و لیمۆ، چونكە ئەو خۆراكانە بە ڤیتامین "سی" دەوڵەمەندن، ئەویش وا دەكات خڕۆكەی سپی بەرهەم بێنن، ئەوەیش بە هێڵی پێشەوەی رووبەڕووبوونەوەی پەتا و نەخۆشییەكان هەژمار دەكرێن و بەرگریی جەستە زۆر بەرز دەكەنەوە.

هەروەها باس لە سیر دەكەن كە باشترین چارەسەرە بۆ بەرزبوونەوەی بەرگریی جەستە، چونكە بۆ رووبەڕووبوونەوەی بەكتریا و ڤایرۆسەكان گرنگە، جیالەوەی رۆڵی هەیە بۆ كەمكردنەوەی هەوكردنەكان لەناو جەستەدا.

هاوكات باس لە كەرە دەكەن كە بەكتریای سوودبەخش بەرهەم دێنێت و بۆ تەندروستیی هەرس زۆر بەسوودە و دواتریش بۆ بەرزكردنەوەی بەرگریی جەستە سوودبەخشە. هەروەها بایەخدان بە خواردنی سەوزە گەڵادارەكان هۆكارێكی تری بەرزبوونەوەی بەرگریی جەستەیە، نموونەیان سپێناخ و سڵق و ئەوانی تر، چونكە دژەئۆكسید و ڤیتامینەكان لەخۆ دەگرن و لە زۆر نەخۆشی دەتانپارێزن.

دواتریش پسپۆرانی بواری خۆراك، دووپاتی دەكەنەوە كە چەرەزارەتەكان بەشێوەیەكی گشتی و بەتایبەتی بادەم، رۆڵی زۆر گرنگ بۆ بەرزبوونەوەی بەرگریی جەستە دەبینن، بۆیە پێویستە خواردنی ئەو جۆرە خۆراكانە بۆ بەرگریی جەستە فەرامۆش نەكرێن.
 


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د