یەكێك لە كێشە تەندروستییە باوەكان بریتییە لە كەمیی ڤیتامین دی، كە چەند نیشانە و كاریگەری لەسەر لەش دروست دەكات، بەتایبەتی لە ژنان، كە خۆیان لە رووناكی خۆر بەدوور دەگرن، ئەوەش وای كردووە خەڵك بە ناچاری پەنا بۆ تەواوكەرەكەی ببەن، پزیشكێكی ئیسپانی وریایی لە بەكارهێنانی هەرەمەكیی تەواوكەری ڤیتامین دەدات.
د. بۆرخا كیرۆگا پزیشكی شارەزای گورچیلە وریایی لە بەكارهێنانی هەرەمەكیی تەواوكەری خۆراكی ڤیتامین دی دەدات، دووپاتی كردەوە كە چەند حاڵەتی مەترسیداری بۆ كەسانێكی لەو شێوەیە بینیوە بەهۆی زیادەڕۆیی لە وەرگرتنی تەواوكەری ڤیتامینەكە بێ ئەوەی پێویستیان پێی هەبێت، گورچیلەكانیان پڕ بووە لە بەرد.
بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی "لافانگواردیا"، ئەو پزیشكە روونی كردەوە، ڤیتامین دی یارمەتی لەش دەدات بۆ مژینی كالیسیۆم، بەڵام بەرزیی ئاستەكەی لە لەش دەبێتە هۆی دروستبوونی بەرد لە گورچیلەكان، دووپاتی كردەوە كە چەند كەسی بینیوە بەهۆی وەرگرتنی هەرەمەكیی تەواوكەری ئەو ڤیتامینە گورچیلەكانیان پڕ بووە لە بەرد.
كیرۆگا وای دەبینێت ئەو ڤیتامینە بۆ چەند جۆرە كەسێكی دیاریكراو بەسوودە، وەك ئەوانەی بەدەست پووكانەوەی ئێسك دەناڵێنن، كاتێك كاریگەریی بۆ ئەوان هاتووەتە سەلماندن، بەڵام بۆ كەسانی ئاسایی ئەو سوودەی نییە، بەتایبەتی پێوەست بە نەخۆشییەكانی دڵ و خۆپاراستن لە شێرپەنجە و كەمكردنەوەی شكان.
ئەو پزیشكە رەخنەی لە پێدانی بەربڵاوی تەواوكەری ڤیتامینەكە بۆ منداڵان گرت بێ بوونی پێویستییەكی پزیشكی، ئاماژەی كرد كە چەند حاڵەتێكی ژەهراویبوونی بەهۆی وەرگرتنی ئەو ڤیتامینە بێ راوێژی پزیشكی هەبووە و ئەوەش نەخۆشەكانی تووشی پەككەوتنی گورچیلە كردووە.