وێڕای زیانە زۆرەكانی.. خوێ بۆ جەستە یەك لە پێویستییەكانە

:: PM:02:56:10/05/2026 ‌
زۆربەی توێژینەوەكان بەوە گەیشتوون كە خوێ وەك مادەیەك، زیانی زۆری بۆ جەستە دەبێت و زۆر نەخۆشیی درێژخایەن هەن، بەهۆی خوێوە تووشی مرۆڤ دەبن. وێڕای ئەوانەیش پسپۆرانی بواری خۆراك ئاماژە بەوە دەدەن، دووركەوتنەوە لە بەكارهێنانی خوێ بە یەكجاری، بەهەمانشێوە بێ زیان نابێت و جەستە پێویستیی پێی دەبێت.

پێگەی "ئەهرام"ی میسری كە هەواڵەكەی لە بەشی تەندروستیی "رووسیای ئەمڕۆ" وەرگرتووە كە پسپۆرانی بواری خۆراك قسەیان بۆ كردووە، باس لەوە دەكەن كە وێڕای ئەوەی زۆر بەكارهێنانی خوێ زیانی زۆر بە مرۆڤ دەگەیەنێت، بەڵام دووركەوتنەوە لێی بەهەمانشێوە بێ زیان نییە، بۆیە كێشەكە لە خوێ خۆی نییە، بەڵكو لە زێدەڕۆیی لە بەكارهێنانیەتی.

پسپۆران باس لەوە دەكەن كە خوێ رەگەزێكی سەرەكییە بۆ جەستە، بەڵام نابێ زێدەڕۆیی لە بەكارهێنانی بكرێت، ئەوەیش راستە كە خوێ لە روانگە میلییەكە بە "دوژمنی جەستە و خۆراك" ناو دەبرێت، چونكە وەك دەردەكەوێ زۆر بەكارهێنانی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێن، یان تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و مێشك و تەنانەت شێرپەنجەیش. واتە كێشەكە لە خوێ خۆی نییە، بەڵكو لە چۆنێتیی لە بەكارهێنانیەتی.

بۆیە پسپۆران دووپاتی دەكەنەوە كە بژاردەی دووركەوتنەوە لە خوێ بە یەكجاری، بژاردەیەكی تەندروست نییە، چونكە جەستەی مرۆڤ پێویستیی بە سۆدیۆمە كە سەرچاوەی سەرەكیی خوێیە، ئەویش بۆ پارێزگاری لە هاوسەنگیی شلەمەنیی و هاوكات بۆ ئەركەكانی مێشك و رێكخستنی پاڵەپەستۆی خوێن زۆر پێویستە.

خوێ مادەیەكە لە كلۆرید سۆدیۆم پێكدێت و لە ناو دەریادا دروست دەبێت، یان لەناو بەردە خوێیەكان لە ناو زەوی. لایەنی بواری تەندروستی رێنوێنی دەخەنەڕوو كە بۆ مرۆڤی پێگەیشتوو پێویستە رۆژانە شەش گرام خوێ بەكار بهێنێت، ئەویش رۆڵی دەبێت بۆ جێبەجێكردنی ئەركی ئەندامانی جەستە، كاتێك لەو بڕە زیاتر بەكار بهێنرێت، ئەوكات سوودەكانی بە پێچەوانە دەگەڕێنەوە و زیان بە جەستە دەگەیەنن.

دواتریش پسپۆرانی دووپاتی دەكەنەوە كە نابێ بەكارهێنانی خوێ لە ئاستی پێویست زیاتر بێت، خۆ ئەگەر كەمتریش بێت، ئەوكات بەهۆی كەمیی سۆدیۆم لە جەستەدا، زیانی دەبێت وەك نزمبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێن یان كەمبوونەوەی ئاو و شلەمەنیی لە ناو جەستەدا.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د