هێشتا
نەخۆشییەكانی دڵ مەترسیدارترین هەڕەشەن لەسەر مرۆڤایەتی و یەكەم هۆكاری مردنن لە دنیا، بەتایبەتی جۆرە بۆماوەییەكەی كێشەكانی دڵ لە قۆناغەكانی سەرەتایی بەدیار ناكەون، هەندێك خاڵی جێگیر هەن كاریگەرییان لەسەر بەدیاركەوتنی هەیە وەك تەمەن و تۆماری خێزانی، بەڵام دەكرێ بە مامەڵەكردنێكی دروست ئەگەری تووشبوون یان گەورەیی زیانەكانی كۆنترۆڵ بكرێت.
سەرەڕای ئەو راستییانە، چەند رێوشوێنێك هەن یارمەتی مرۆڤە ئاساییەكان و ئەوانەشی تۆماری خێزانیی كێشەكانی دڵیان هەیە، بۆ كەمكردنەوەی مەترسییەكانی تووشبوون بە دڵەنۆرە و سەكتەی مێشك، لەوانە ئاشنابوون بە مەترسییەكانی لە خێزانەكە و لە تاكەكە هەیە، واتە زانینی ئەو كێشانەی دڵ كە هەن، لەوانە كەموكوڕی و كێشە لە سیستمی كاركردنی دڵ و كێشەی ماسولكە و دەمەوانەكان و بەرزیی كۆلیسترۆل.
سەرەتا پێویستە زانیارییەكی وردت لەبارەی تۆماری خێزانی كێشەكانی دڵ و جۆرەكان هەبێت، ئینجا زانیاری لەبارەی حاڵەتی تەندروستیی خۆت، واتە ئاسایی و نائاسایی وەك كێش و ئاستی كۆلیسترۆل و پەستانی خوێن و شەكرە و جگەرەكێشان، ئەو نەخۆشیانەشی هەن، باسكردنی ئەوانە لەگەڵ پزیشكی شارەزا و ئەنجامدانی پشكنین بۆ دووپاتكردنەوەیان و دیاریكردنی حاڵەتی ئێستەت.
دوای زانینی وردی دۆخی تەندروستی و مەترسییەكانی لە تۆماری خێزانییەوە چاوەڕوانت دەكات، پێویستە پێڕەوی سیستمێكی خۆراكی تەندروست بۆ دڵ و تەندروستیت بكەیت، واتە خواردنی خۆراكەكانی بۆ دڵ بە سوودن و دووركەوتنەوە لەوانەی خراپن، زیادكردنی چالاكیی رۆژانە و وەرزشكردن و كەمكردنەوەی كێشی زیادە و قەڵەوی و گەیشتن بە كێشی تەندروست، دووركەوتنەوە لە جگەرەكێشان و دووكەڵی جگەرە، هەروەها نوستنی باش و پشكنینی خولیی دۆخی دڵ و پێشلێگرتنی كێشەكان و وەرگرتنی چارەسەری پێویست.