یەكەم حاڵەتی تووشبوو بە ڤایرۆسی هانتا لە فڕەنسا تۆمار كرا

:: AM:11:30:11/05/2026 ‌
دامەزراوە تەندروستییەكانی فڕەنسا ئەمڕۆ دووشەم ئاشكرایان كرد، یەكەم حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی هانتا لە وڵاتەكە تۆمار كرا، ڕێوشوێنی تەندروستیش بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی گیراوەتەبەر.

ڤایرۆسی هانتا یەكێكە لەو گرووپە ڤایرۆسانەی بەشێوەیەكی ئاسایی لە ڕێگەی مێشوولەوە دەگوازرێتەوە، بەڵام لە حاڵەتی دەگمەندا دەتوانێ لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تریش بگوێزرێتەوە.

بەرپرسانی كەرتی تەندروستیی فڕەنسا وێڕای پشتڕاستكردنەوەی حاڵەتێكی تووشبوو بەم ڤایرۆسە لە وڵات، دووپات لەوە دەكەنەوە كە ئەگەری بڵاوبوونەوەی خێرا و فراوانی ڤایرۆسەكە زۆر لاوازە.

سەرەتا ئەو ڤایرۆسە لە ناو كەشتیی گەشتیاری "ئێم ڤی هۆندیس" بڵاو بووەوە، بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی ڕێكخراوی تەندروستی جیهان، شەش كەس لە سەرنشینانی ئەو كەشتییە تووشی ڤایرۆسەكە بوون و دوو لە تووشبووان كە هەڵگری ڕەگەزنامەی هۆڵەندی و ئەڵمانین، گیانیان لە دەست داوە و هەشت كەسی تریش لە دنیادا تووشی هاتوون.

تیرەی ئەندێز لە ڤایرۆسی هانتا دوای ئەوەی تووشی مرۆڤ دەبێت، كاریگەریی خراپ لەسەر تەندروستیی سییەكان و هەناسەدان دروست دەكات، ئەگەری مردن بەهۆی تووشبوون بەو ڤایرۆسەوە لە 50%یە، ئەگەر زوو ڕێوشوێنی پزیشكی و چارەسەر بە تووشبووەكە بدرێت، ئەگەری چاكبوونەوەی زۆر بەهێز دەبێت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د