ئەمڕۆ دووشەم 11ی ئایاری 2026، وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەى بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی هانتا (Hantavirus) ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە و دڵنیاییی بە هاووڵاتییان دا کە تا ئێستە هیچ حاڵەتێک لە هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە.
ڤایرۆسی هانتا نەخۆشییەکی گواستراوەیە کە لە ڕێی بەرکەوتن لەگەڵ قرتێنەرە تووشبووەکان (وەک مشک) یان دەرهاویشتەکانیانەوە دەگوازرێتەوە. هەوکردنەکە زیاتر لە ڕێی هەڵمژینی ئەو تۆزەوە ڕوو دەدات کە بە دەرهاویشتەی قرتێنەرەکان پیس بووە، بەتایبەتی لە کاتی پاککردنەوەی شوێنە داخراوەکان یان ئەو شوێنانەی هەواگۆڕکێیان خراپە.
لە ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی تەندروستیدا کە دەست "وشە" کەوتووە، هاتووە، "بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، پێشبینی دەکرێت ساڵانە لە نێوان 10 بۆ 100 هەزار حاڵەتی تووشبوون بەم ڤایرۆسە لە جیهاندا ڕوو بدات. نیشانەکانیشی بریتین لە تا، ماندووبوونی زۆر، سەرئێشە، ئازاری سک و ماسولکەکان، ڕشانەوە، کۆکە و تەنگەنەفەسی لە حاڵەتە توندەکاندا، ڕێژەی مردنیش بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە لە نێوان 20% بۆ 50% دەبێت.
وەزارەتی تەندروستی دووپاتی کردووەتەوە کە لە ماوەی هەفتەی ڕابردووەوە، بەوردی و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی چاودێریی دۆخەکەیان کردووە، ڕوونیشی کردووەتەوە، خۆشبەختانە تا ئێستە هیچ گومانلێکراوێک، حاڵەتێک یان بڵاوبوونەوەیەکی ڤایرۆسی هانتا لە هەرێمی کوردستان بوونی نییە.
ئاماژە بەوەش دراوە کە وەزارەتەکە ئامادەکاریی تەواوی کردووە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی خۆپارێزی، دابینکردنی زانیاریی تەکنیکی، ڕێنوێنییەکان، ئامرازەکانی پشکنینی تاقیگەیی و چارەسەرییە پێویستەکان لە گشت پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا.
لە کۆتاییدا وەزارەتی تەندروستی دڵنیاییی داوەتە هاووڵاتییان کە، لە ئێستەدا هیچ سنووردارکردنێکی گەشت، بازرگانی و جووڵەی هاووڵاتییان پێوەست بە ڤایرۆسی هانتا لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی لە ئارادا نییە. تەنیا جەخت لەسەر چاودێریکردن، زوو دەستنیشانکردنی حاڵەتەکان، هۆشیاریی تەندروستی، پاکوخاوێنیی ژینگە و ڕێگریکردن لە بەرکەوتن بە قرتێنەرەکان دەکرێتەوە وەک ڕێکاری خۆپارێزی.