ئەنجامی توێژینەوەیەكی نوێ بەوە گەیشتووە، هەندێك راهێنانی وەرزشی هەن وا دەكەن ئارەزووتان بۆ جگەرەكێشان كەمتر ببێتەوە، بەتایبەتی ئەو راهێنانە وەرزشییانەی لە ژینگەیەكی پاك و لە هەوای دەرەوە جێبەجێ دەكرێن، بۆیە بۆ ئەوانەی جگەرەكێشن و بەو راهێنانە، دەتوانن لە جگەرەكێشان وردە وردە دوور بكەونەوە.
پێگەی "شەفەق نیوز" رۆشنایی خستووەتە سەر توێژینەوە نوێیەكە كە بەشی تەندروستیی پێگەی "ڤۆكس نیوز" بە فراوانی خستوویەتیە بەر رۆشنایی و هاوكات لە گۆڤاری "زانستی وەرزش و تەندروستی" بڵاو كراوەتەوە، تێیدا توێژەرانی توێژینەوە دووپاتی دەكەنەوە، ئەو راهێنانە وەرزشییانەی لە هەوای دەرەوە و لە ژینگەیەكی پاكدا دەكرێن، رۆڵی گرنگ بۆ ئەوە دەگێڕن كە ئارەزوو بۆ جگەرەكێشان كەمتر ببێتەوە، خۆ ئەگەر راهێنانەكە رۆژانە بەردەوام بێت، ئەگەری زۆرە كەسی جگەرەكێش بە یەكجاری لە جگەرە دوور بكەوێتەوە.
وردەكاریی توێژینەوەكە وەك توێژەران باسی دەكەن، 59 ئەزموونیان لەوبارەیەوە كردووە و زیاتر لە نۆ هەزار كەس بە جگەرەكێش و ئەوانەی جگەرە ناكێشن، لە توێژینەوەكەدا بەشدارییان كردووە، لە ئەنجامدا دەركەوتووە ئەوانەی رۆژانە نیو سەعات راهێنانی رۆیشتن بە پێ و پایسكیلسواری و مەلەوانی دەكەن و هاوكات جگەرەكێشن، زۆر كەمتر ئارەزوویان بۆ كێشانی جگەرە دەچێت، خۆ ئەگەر راهێنانەكەیان زیاتر بێت و رۆژانە چەند جارێك دووبارە بكرێتەوە، ئارەزوو بۆ جگەرە زۆر زیاتر كەمتر دەبێتەوە.
بەپێی بەشدارانی توێژینەوەكە كە زیاتر لە نۆ هەزار كەس دەبن، لە ماوەیەكی دیاریكراودا 15 تا 21% كەسیان لە جگەرەكێشان دوور كەوتوونەتەوە، ئەوانی تریش كەمتر ئارەزوویان بۆ جگەرەكێشان دەچێت و زۆر كەمتر ئەو دووكەڵ و نیكۆتینە دەكێشن.
توێژەران لەبارەی راهێنانی وەرزشی بەتایبەتی بۆ ئەوانە جگەرەكێشن باس لەوە دەكەن، وەرزش رۆڵی زۆری هەیە كەمكردنەوەی دڵەڕاوكێ و خەمباری، چونكە ئەو راهێنانە هۆرمۆنی دڵخۆشی لەناو مێشكی مرۆڤدا زیاتر دەكات، هاوكات هۆرمۆنی كۆرتیزۆڵ كە پێوەند بە دڵەڕاوكێیە كەمتر دەكاتەوە، بۆیە دەبینرێ مرۆڤی جگەرەكێش لە كاتی دڵەڕاوكێ و خەمباریدا زیاتر جگەرە دەكێشن، كاتێك وەرزش دەكەن، لەو دڵەڕاوكێیە دوور دەكەونەوە و كەمتر ئارەزوویان بۆ كێشانی جگەرە دەچێت.