چەند نیشانەیەكی زووی تووشبوون بە پاركنسۆن

:: PM:09:33:13/05/2026 ‌

رەنگە دەركەوتنی نیشانەی روون و سەلمێنەر بۆ هەر نەخۆشییەك هاندەر بێت بۆ پەنابردن بۆ پزیشك و وەرگرتنی چارەسەری پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوەی، هاوكات پزیشكان هەوڵ دەدەن بەر لەوەش لەگەڵ دەركەوتنی نیشانە زووەكانی حاڵەتەكە پێشی لێ بگرن، پزیشكانی بەریتانیا چەند نیشانەیەكی زووی نەخۆشی پاركنسۆنیان دیاری كرد، كە نەخۆشییەكی كۆئەندامی دەمارە و تووشی بەتەمەنداچووەكان دەبێتەوە و چارەسەری بنەبری نییە، مرۆڤ تووشی لەرزین و سستبوونی جووڵانەوە دەكات.

بەپێی رۆژنامەی "دەیلی تەلەگراف"ی بەریتانی چەند نیشانەیەكی زووی تووشبوون بەو نەخۆشییە هەیە، لەوانە، لەدەستدان یان لاوازیی هەستی بۆنكردن، قەبزی، بچووكبوونی دەستخەت و نووسینی مرۆڤ و نەخوێندنەوەی، نیگەرانی و خەمۆكی و تێكچوونی میزاج، شێوانی خەو و بینینی خەونی ناخۆش و توندوتیژی، سەرسووڕان و لەهۆشخۆچوون، لاوازی و نەمانی دەربڕینەكانی رووخسار و رۆیشتنی خەیاڵ، نزمی و لاوازبوونی دەنگ، رەقبوون و وشكهەڵگەڕانی باسك و قاچەكان بەهۆی نزمبوونەوەی ئاستی دۆبامین، بەتایبەتی لە لایەكی لەش بەدیار دەكەوێت. 

د. رۆبن فاكریل راوێژكاری پزیشكیی پیربوون و پزیشكی گشتی دەڵێت، نەخۆشی پاركنسۆن بەهۆی لەدەستدانی بەهەنگاوی خانەكانی مێشك كە دۆبامین بەرهەم دێنن دروست دەبێت، كە گوێزەرەوەیەكی دەمارییە و بەرپرسە لە جووڵە و هەستكردن و بیركردنەوە، 25%ی هۆكارەكەی بۆماوەییە، بەڵام هۆكاری تری هەیە وەك خۆراكی دروستكراو و ئەنتی بایۆتیك و گۆڕانی سیستمی خۆراك و رارایی، كە كار لە هاوسەنگیی میكرۆبیۆمی ریخۆڵە دەكەن و بەكتریای زیانبەخش دەچێتە ناو خوێن و دەگات بە مێشك و خانەكانی لەناو دەبات.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل