سوودی چەرەزات بۆ چاو چییە؟

:: PM:07:06:16/05/2026 ‌

بەپێی زۆرینەی شارەزایانی تەندروستی چەرەزات بژارەیەكی باش و تەندروستە بۆ مرۆڤ ئەگە بە بڕێكی گونجاوی رۆژانە بخورێت و زیادەڕۆیی لە خواردنی نەكرێت، هەندێك وەك ژەمێكی بۆنە و مێوانداری و خۆش و سووك سەیری دەكەن، بەڵام بە مادە خۆراكییە گرنگەكان دەوڵەمەندە، لەوانە یارمەتیی پاراستنی چاو دەدات و هەندێك لە كێشەكانی كەم دەكاتەوە.

د. عادل محەمەد عەتییە راوێژكاری نەخۆشییەكانی چاو باسی سوودی هەندێك جۆری چەرەزات لەسەر چاو دەكات و باشترینیان دیاری دەكات، دەڵێت، چەرەزات بە ترشی چەوری ئۆمێگا3 دەوڵەمەندە كە یارمەتی شێداركردنی چاو دەدات و وشكهەڵگەڕانی كەم دەكاتەوە، هەستی سووتانەوەی چاو و بوونی گرێ لە ناوی كەم دەكاتەوە، رۆڵی لە كەمكردنەوەی هەوكردن و سوورهەڵگەڕان و هەستیاریی چاو هەیە.  

هەرچی ڤیتامین ئییە، وەك ئەو پزیشكە دەڵێت، چەرەزات رێژەیەكی باشی ئەو ڤیتامینەی تیادایە كە دژەئۆكسێنەرێكی گرنگە و یارمەتی پاراستنی خانەكانی چاو لە تێكچوون دەدات، مەترسی تووشبوون بە هەندێك كێشەكانی تۆڕینە و ئاوی سپیی پێوەندیدار بە چوونە ناو تەمەن كەم دەكاتەوە، سەبارەت بە باشترین جۆری چەرەزات ئەو پزیشكە دەڵێت، ئەوانەن كە رێژەیەكی زۆری ئۆمێگا3 و ڤیتامین ئییان تیادایە لەوانە بادام و گوێز و بوندق، بەڵام پێویستە بێ زیادەڕۆیی بخورێت بۆ ئەوەی نەبنە هۆی قەڵەوی كە بە كالۆری دەوڵەمەندن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل