بە جێبەجێكردنی ئەم هەنگاوانە دەتوانن كۆنترۆڵی دڵەڕاوكێ بكەن

:: AM:09:43:17/05/2026 ‌
بەهۆی خێرایی ژیان و جۆری كاركردن، پاڵەپەستۆی زیاتر لەسەر مێشك زیاتر دروست دەبێت، ئەوەیش لەلای زۆر كەس دەبێتە دروستبوونی دڵەڕاوكێ. زۆرجاریش كاتێك ئەو دڵەڕاوكێیە درێژە دەكێشێ و دەگاتە ئاستی نەخۆشیی درێژخایەن، ئەوكات كاریگەریی لەسەر تەندروستیی دەروونی و جەستەیی دەبێت. بۆیە پزیشكی تایبەت بە بوارەكە جێبەجێكردنی چەند هەنگاوێك دەخاتەڕوو كە دەتوانرێ كۆنترۆڵی دڵەڕاوكێ بكرێت.

ئەمەل فارس كە پزیشكی بواری دەروونییە، تایبەت بۆ پێگەی "ئەهرام"ی میسری لەبارەی هەنگاوەكان بۆ كۆنترۆڵكردنی دڵەڕاوكێ قسەی كردووە، دووپات دەكاتەوە كە بەر لە هەر شتێك، گرنگە هۆشیاریتان لەسەر دۆخی دڵەڕاوكێیەكە هەبێت و بزانرێ هۆكارەكەی چییە، ئەوكات باشتر دەتوانرێ بە ئاسان كۆنترۆڵ بكرێت. واتە بزانرێ هۆكارەكەی جەستەییە یان دۆخی دەروونی، چونكە ئەگەر هۆیەكەی جەستەیی بێت، ئەوكات لێدانی دڵ خێراتر دەبێت و چارەسەری روونتر دەبێت، ئەگەر هۆیەكەی دەروونی بێت، ئەوكاتە ئەگەری زۆرە درێژە بكێشێت كە ئەگەر هەیە چارەسەری ئاسان نەبێت.

بۆ كۆنترۆڵكردنی دڵەڕاوكێیەكە ئەو پزیشكە میسرییە بە چەند هەنگاوێك دووپات دەكاتەوە، بەر لە هەر شتێك، گرنگە هۆكاری دڵەڕاوكێكە بزانرێ و پلانی رۆژانەی بۆ دیاری بكرێت تا دڵەڕاوكێكە كەمتر بكرێتەوە، واتە ئەگەر ئەركەكەتان گەورە بوو، دەتوانرێ دابەش بكرێتە سەر چەند هەنگاوی بچووكتر، ئەوەیش وا دەكات ئاسانتر ئەركەكە جێبەجێ بكرێ بێ ئەوەی پاڵەپەستۆی زیاتر بكرێتە سەر مێشك و زیاتر ماندوو بكرێت.

هەنگاوێكی تریش وەك پزیشكەكە باسی دەكات، كاتێك دڵەڕاوكێی زۆرتان لەسەر بێت، گرنگە راهێنانی هەناسەدانی قووڵ بكەن، هەروەها رامان و لەگەڵیدا رۆیشتنی لەسەرخۆ، ئەو چالاكییانە یارمەتیی مێشك دەدەن و ئاستی هۆرمۆنی دڵەڕاوكێ لە جەستەدا كەمتر بكەنەوە.

لەبارەی هەنگاوەكانی تریش دەڵێت، خەوی پێویست هەنگاوێكی ترە بۆ كۆنترۆڵی دڵەڕاوكێ، هەروەها خۆراكی تەندروستیی پێویست و وەرزش، هەموو ئەوانە رۆڵ دەبینن لە كۆنترۆڵكردنی دڵەڕاوكێ. بۆیە پزیشكەكە ئاماژە بەوە دەدات كە فەرامۆشكردنی هەر بوارێك لەو بوارانە، پاڵەپەستۆ لەسەر مێشك زیاتر دەكەن و دۆخی دەروونی خراپتر دەكەن.

ئەمەل فارسی پسپۆری دەروونی ئەوەش دەڵێت، كاتێك پاڵەپەستۆی زیاترتان لەسەر بوو و لە دۆخی دڵەڕاوكێدا بوون، گرنگە گفتوگۆ لەگەڵ كەسی نزیكی خۆتان بكەن و پەنایان بۆ ببەن، وەك ئەندامانی خێزان یان هاوڕێ نزیكەكان یاخۆ پسپۆرێكی بواری دەروونی، تا بتوانن هەستی خۆتان باس بكەن و ئاماژە بە كێشەكانتان بكەن بۆ چارەسەركردنی.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د