كەم نین ئەوانەی بەر لە خواردنی ژەمی بەیانیان و بە گەدەی بەتاڵ، ئاوی میوە بەتایبەتی ترش یان كووپێك قاوە دەخۆنەوە كە پێیان وایە وزەیان پێ دەبەخشێت. بەڵام پسپۆران بواری خۆراك دووپاتی دەكەنەوە، ئەو خووە زیانی زۆر بە جەستە دەگەیەنێت و گرنگە وریای بن.
پێگەی
"شەرق ئەوسەت" كە هەواڵەكەی لە "هێڵس لاین" وەرگرتووە كە پسپۆرانی بواری خۆراك قسەیان بۆ كردووە، باس لەوە دەكەن كە ژەمی بەیانیان ئەگەر بە گەدەی بەتاڵ هەندێك خواردنەوە بخورێتەوە، زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت، لە كاتێكدا زۆرن ئەوانەی پێیان وایە خواردنەوەی ئاوی میوەی ترشی وەك پرتەقاڵ و لیمۆ یان كووپێك قاوە بە گەدەی بەتاڵ لە ژەمی بەیانیاندا، وزەی زیاتر بە جەستە دەگەیەنێت.
پسپۆرانی خۆراك زیاتر دەڵێت، خواردنەوەی قاوە لە بەیانیاندا زۆرترین بایەخی پێ دەدرێت، بەڵام كاتێك بە گەدەی بەتاڵ دەخورێتەوە، ئەوكات زیان بە گەدە دەگەیەنێت و تووشی ترشەڵۆكی و سووتانەوەی دەكات، هاوكات خواردنەوەی ئاوی میوەی ترشیش وەك پرتەقاڵ و لیمۆ بەهەمانشێوە، ئاستی ترشەڵۆكی لەناو گەدە زیاتر دەكات، زیانی زیاتری بۆ ئەوانەیە كێشەی زراو یان هەستەوەریی هەرسیان هەیە.
بەپێی زانیاریی پسپۆران، هەندێك زانیاری هەن دەریدەخەن كە گەدە كاتێك بەتاڵ دەبێت و هەر خواردنەوەیەك بگاتە ناوی، زۆر بە خێرایی هەڵیدەمژێت، بەتایبەتی ئەگەر خواردنەوەكە كافاینی تێدا بێت، دەستبەجێ بەشێكی كافاینەكە هەڵدەمژێت، بەشێكی تری لە ریخۆڵە دەمژرێت، ئەوەیش بەر لەوەی لە رێگەی خوێنەوە بگاتە ئەندامەكانی تری جەستە وەك گورچیلە و جگەر و مێشك، دواتریش كاریگەرییەكەی لەسەر مرۆڤ زۆر بەخێرایی دەردەكەوێت. هەموو ئەوانە لەوكاتەدایە خواردنەوەكە بە گەدەی بەتاڵ بخورێتەوە.
دواتریش پسپۆرانی بواری خۆراك ئامۆژگاری دەخەنەڕوو، زۆر گرنگە بەر لە خواردنەوەی قاوە یان ئاوی میوەی مزر و ترش، بەلای كەمەوە پارچەیەك نان یان كێك یاخۆ هەندێك چەرەز بخورێت، پاشان خواردنەوەكە بخورێتەوە، ئەویش بۆ پارێزگاری لە تەندروستی گەدە و هەرسە بەتایبەتی لە سەرەتای بەیانیان.