ئەمڕۆ پێنجشەم 21ی ئایاری 2026، توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرای کرد کە خواردنی میوەی ترێ بەشێوەی ڕۆژانە، یارمەتیی پێست دەدات بۆ بەرەنگاربوونەوەی زیانەکانی تیشکی خۆر و دواخستنی نیشانەکانی پیربوون.
توێژینەوەکە دەریخستووە کە خواردنی سێ بەش لە ترێ ڕۆژانە بۆ ماوەی دوو هەفتە، بووەتە هۆی گۆڕانکاریی ئەرێنی لە بۆهێڵەکانی پێستی بەشداربوواندا، هەرچەندە سروشتی ئەو گۆڕانکارییانە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاواز بووە.
هەروەها توێژەران تێبینیی دابەزینی ئاستی (مالۆندیالدیهاید)یان کردووە، کە پێوەرێکە پێوەندیی بە فشاری ئۆکسان و تێکچوونی خانەکانەوە هەیە بەهۆی تیشکی سەرووبنەوشەییەوە. ئەم دابەزینەش بەو واتایە دێت کە پێست کەمتر ڕووبەڕووی ئەو زیانانە دەبێتەوە کە تیشکی خۆر دروستیان دەکات.
توێژەران ڕوونیان کردەوە کە ترێ چالاکیی ئەو بۆهێڵانە بەهێز دەکات کە بەرپرسن لە دروستکردنی بەربەستی پارێزەری پێست، کە ئەم بەربەستە پێست لە بەکتریا و مادە کیمیاییەکان دەپارێزێت و شێداری لە ناو پێستدا دەهێڵێتەوە، ئەمەش یارمەتیی پێست دەدات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هۆکارە ژینگەیییە زیانبەخشەکان.
دکتۆر جۆن پیزۆتۆ کە سەرپەرشتیی توێژینەوەکەی کردووە، ڕای گەیاند کە کاریگەریی ترێ تەنیا لەسەر پێست نییە، بەڵکوو ئەگەری هەیە ئەندامەکانی تری جەستە وەک جگەر، ماسولکەکان، گورچیلە و مێشک بگرێتەوە، و ئاماژەی بەوەش دا کە خۆراک دەتوانێت ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر شێوازی کارکردنی بۆهێڵەکان هەبێت.
تیمی زانستی پێیان وایە کە ئەم پرۆسەیە لە ناو ڕیخۆڵەدا دەست پێ دەکات، کاتێک پێکهاتەکانی ترێ لەگەڵ بەکتریای ڕیخۆڵە کارلێک دەکەن، پاشان ئاماژەکان بۆ پێست دەگوازرێنەوە و کاریگەری لەسەر چالاکیی بۆهێڵەکانی پێست دروست دەکەن.
توێژینەوەکە لەسەر 29 خۆبەخشی تەندروست ئەنجام دراوە، کە بۆ ماوەی دوو هەفتە ڕۆژانە هاوتای سێ کووپ ترێی تازەیان خواردووە، و ئەنجامەکان بەرزبوونەوەی ئاستی چەورییە سوودبەخشەکانیشیان پیشان داوە کە یارمەتیی پاراستنی نەرمی و کەمکردنەوەی هەوکردنەکانی پێست دەدەن، ئەمەش ڕەنگە بۆ پاراستن لە شێرپەنجەی پێست سوودبەخش بێت.