میوە تۆخەكان بەتایبەتی ترێ وەك میوەیەك تەنیا خۆی لە چێژە تایبەتەكەی نابینێتەوە، بەڵكو بەو پێیەی توێژینەوەی زۆری لەبارەوە كراوە، دەركەوتووە سوودی زۆری بۆ تەندروستی هەیە و بە خواردنی رۆژانە، لە چەندان نەخۆشی دوورتان دەخاتەوە. بۆ نموونە سوودەكانی بۆ دڵ و مێشك و پاڵەپەستۆی خوێن و زۆری تر هەیە.
بەشی زانست و تەندروستیی پێگەی
"شەرق ئەوسەت" لەبارەی سوودەكانی میوەی تۆخ و بەتایبەتی ترێوە، زانیارییەكانی لە رۆژنامەی "تەلەگراف" وەرگرتووە كە دكتۆر چاوبینگ لی سەرۆكی بەشی خۆراك لە سەنتەری UCLA لە كالیفۆرنیا قسەی بۆ رۆژنامە كردووە، بە وردی باس لە سوودەكانی ترێ دەكات كە ئەگەر رۆژانە برێكی لێ بخورێت، لە چەندان نەخۆشی دوورتان دەخاتەوە. بەهۆیەوە تەمەن درێژتر دەكات و ئەركەكانی دڵ و مێشك و ماسولكە و ئێسك باشتر دەكات.
لەبارەی سوودەكانی ترێ ئەو پزیشكە دەڵێت، رۆژانە یەك كووپ ئاوی ترێ سروشتی بۆ ماوەی چوار هەفتە بخۆنەوە، زۆر بە روونی دەركەوێت كە كۆلیسترۆڵی خراپ بە رێژەی 6% لە جەستە دەردەكات، چونكە ئەو مادانەی وەك كاتیكینات و پرانسۆسیانیدینات و ئەنسۆسیانینات لە ترێدا هەن، بەهەموویانەوە فلاڤۆنۆیدات دروست دەكەن كە كۆلیسترۆڵی خراپ لە جەستە لەناو دەبات، بەوەیش پارێزگاری لە تەندروستیی دڵ دەكات.
هاوكات چونكە دژەئۆكسیدی زۆر لە ترێدا هەیە، سوودەكەی بۆ فراوانبوونی دەمارەكان و هاتوچۆی خوێن بەناویاندا زۆرباشتر دەكات، جیالەوەی لە پالەپەستۆی خوێن دوورتان دەخاتەوە.
ئەوەش دەڵێ، ئەگەر رۆژانە و بۆ ماوەی چوار هەفتە یەك كووپ ئاوی سروشتیی ترێ بخۆنەوە، لە زۆربەی نەخۆشییە درێژخایەنەكان دوور دەكەونەوە، وەك نەخۆشییەكانی شەكرە لە جۆری دووەم و نەخۆشییەكانی دڵ و مێشك، هاوكات بەرگریی جەستەیش بەهێزتر دەكات.
هەروەها بەپێی گوتەی پزیشكەكە، ترێ بیرەوەری و سەرنج باشتر دەكات و پاشان بۆ ئەركەكانی مێشك بەشێوەیەكی گشتی زۆر سوودبەخشە. چونكە مادەی بۆلیڤینۆل لە توێكڵی ترێ و ناوكەكانیدا، دروست بۆ باشتبوونی یادەوەری باشە و هاوكات رێگە نادات چەوری لە مێشك كۆ ببێتەوە. هەروەها سوودەكانی ترێ بۆ ماسولكە و ئێسك زۆرە، چونكە پارێزگاری لە كالسیۆم لەناو ئێسك دەكات، بەتایبەتی ئەوكاتەی مرۆڤ دەچێتە ناو تەمەنەوە.
دواتریش ئەو پزیشكە لەبارەی سوودەكانی ترێ بۆ مرۆڤ دەڵێت، ترێ وەك میوەكانی تری وەك توو و میوە تۆخەكان، سوودی زۆری بۆ درەنگ پیربوون هەیە، چونكە مادەی بۆلیڤینۆلات لە ترێدا هەیە، ئەو مادەیە رۆڵ دەبینێ لە درێژیی تەمەن.