زۆرینەی شارەزایانی تەندروستی و پزیشكان كۆكن لەسەر ئەوەی زۆر دانیشتن مەترسیدارە، دەروازەیەكە بۆ چەندان نەخۆشی مەترسیدار، لەوانە قەڵەوی و بەرزی پەستانی خوێن و هیتریش، پزیشكێكی رووسی وریایی لە زۆر دانیشتن و كەمجووڵانەوە دەدات بەوەی مەترسیی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ 50% زیاد دەكەن.
د. ئۆكسانا سینینكۆڤا پسپۆڕی نەخۆشییەكانی دڵ ئاماژە دەكات، یەكێك لە مەترسییەكانی زۆر دانیشتن ئەوەیە ئەگەر و مەترسیی تووشبوون بە لەناوچوونی ماسولكەی دڵ یان جەڵتەی دڵ بە رێژەی 50% زیاد دەكات، ئەو كەسانەی بەهۆی جۆر و سروشتی كارەكانیان پێویستە ماوەیەكی زۆر دابنیشن، واتە لە نێوان هەشت بۆ 10 سەعاتی رۆژانە، مەترسی تووشبوونیان بە لەناوچوونی ماسولكەی دڵیان بە رێژەی 40 بۆ 50% زیاد دەكات.
ئەو پزیشكە روونی كردەوە، دانیشتنی رۆژانەی سەرووی شەش بۆ هەشت سەعات، هۆكارێكی مەترسیدارە لە رووی زانستییەوە دەبێتە هۆی تووشبوون بە كێشەكانی دڵ و لوولەكانی خوێن، ئەگەرچی ماوەی كورت وەستانیشی تیادا بێت، بۆیە پێویستە لە كاتی كاركردن وریای شێواز و جووڵانەوەی لەش بیت، نابێت ئەژنۆ لە ئاستی جومگەی سمت بەرزتر بێت و پێویستە پێیەكان لەسەر زەوی تەخت بن، هەر 30 بۆ 45 خولەك بۆ ماوەی پێنج بۆ 10 خولەك رێست وەربگیرێت و جووڵانەوە و چالاكی لەش هەبێت.
سینینكۆڤا دووپاتی لە وەرزشكردن وەك پێویستییەكی تەندروستی نەك تەنیا بۆ خۆشی و هەوەس كردەوە، پێویستە هەفتانە 150 بۆ 300 خولەك لە هەوای كراوە وەرزشێكی ناوەند یان 75 بۆ 150 خولەك وەرزی قورس بكرێت، لەگەڵ گۆڕینی دانیشتنی ئێوارە بە جووڵەیەكی سووكی وەك رۆیشتن.