نەقرەس یان دەردەشاهانە، یەكێكە لە حاڵەتەكانی كەسانێكی زۆر بەدەستییەوە دەناڵێنن، لە ئەنجامی كۆبوونەوەی ترشی یۆریك لە جومگەكان دروست دەبێت و ئازار و ئاوسان و رەقبوون و گەرمبوون و سوورهەڵگەڕانیان دروست دەكات، گۆشتی سوور یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكانی بەرزبوونەوەی ئەو ترشە لە لەشدا، ئەوەش بەهۆی بوونی رێژەیەكی زۆر لە بیۆرینات لە گۆشت، بەڵام چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت؟
دەتوانرێت ئاستی
ترشی یۆریك بە شێوەیەكی سروشتی لە لەش كەم بكرێتەوە، بەتایبەتی لە دوای خواردنی گۆشتی سوور، لە رێگەی خواردنەوەی بڕێكی باش لە ئاو و قاوە و خواردنی خۆراكی دەوڵەمەند بە ریشاڵ و ئەوانەشی بە ڤیتامین سی دەوڵەمەندن، لەوانە گێلاس كەمی دەكاتەوە، ئاو هانی گەرچیلەكان دەدات بۆ كردنەدەرەوەی 70%ی ئەو ترشە لە رێگەی میزەوە، جیا لەوەی گورچیلەكان لە دروستبوونی بەرد دەپارێزێت، كە بەهۆی بەرزیی رێژەی ترشەكە لە لەش دروست دەبێت.
هەرچی خواردنەوەی قاوەیە، توێژەران بۆیان دەركەوت كە قاوە بە دوو رێگە كار بۆ كەمكردنەوەی ئەو ترشە لەلەش دەكات، پەكخستنی چالاكیی ئەو ئەنزیمەی بەرپرسە لە تێكشكاندنی بیۆرۆینات لە لەش، بەوەش دروستبوونی ترشەكە كەم دەبێتەوە، هەروەها زیادبوونی تێكڕای كردنەدەرەوەی گورچیلەكان بۆ ترشەكە، چونكە كافایینی ناو قاوە وەك میزپێكەر كار دەكات، هەرچی ریشاڵەكانە، دەبنە هۆی كەمكردنەوەی ئاستی ترشەكە لە لەش، ڤیتامین سیش یارمەتی كەمكردنەوەی ئاستی ترشەكە دەدات و گێلاسیش رۆڵی گەورەی لە كەمكردنەوەی ئاستی ترشی یۆریك لە تووشبووان بە دەردەشاهانە هەیە، ئەوەش بەهۆی بوونی مادەی ئەنسۆسیانین، كە دژەهەوكردن و ئۆكسانە و بڕێكی زۆر ڤیتامین سی تیادایە.