جیا لەوەی قەڵەوی سەرچاوەی زۆرینەی كێشە تەندروستییەكانە، بوونی ورگ لە مرۆڤ ئەویش ئاماژەیەكی خراپە سەبارەت بە تووشبوون بە چەند جۆرە نەخۆشییەك، لەوانە بەرگری لەش بۆ ئەنسۆلین و بەرزبوونەوەی ئاستی شەكرە لە خوێن و ئەگەری تووشبوون بە جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە و رووبەڕووبوونەوەی نیشانە و مەترسییەكانی، بۆیە ئەوانەی ورگیان هەیە ئەگەر چەند نیشانەیەكیان هەبوو، خۆیان لە تووشبوون بە شەكرە بپارێزن.
دەكرێ لە رێگەی چەند
نیشانەیەكەوە بوونی پێشوەختەی بەرگری بۆ ئەنسۆلین لە لەش ئاشكرا بكرێت، لەوانە بوونی ورگ و رەشهەڵگەڕانی پێست و ماندووبوون لە دوای ژەمی خواردن و زیادبوونی خوارستی خواردنی شیرینی و كاربۆهیدرات و دەركەوتنی زیادەی گۆشت لەسەر پێست و زۆر تێنووبوون، ئەگەر كەسێك ورگ یان كەرشی هەبوو، ئاماژەیەكی مەترسیدارە بۆ لاوازیی هەستیاری بۆ ئەنسۆلین، چونكە كەڵەكەبوونی چەوری لە ناوچەی سك و دەوروبەری لە نیشانەكانی بەرگریی لەشە بۆ هۆرمۆنەكە، كە بەرپرسە لە چارەسەركردنی شەكر، ئەو چەورییە هەوكردن زیاد دەكات و جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە و نەخۆشییەكانی دڵ دروست دەكات.
جیا لەوە رەشهەڵگەڕانی پێست لە هەندێك ناوچەی لەش وەك ژێرباڵ و دەوروبەری مل و نێوان رانەكان، بەڵگەیە لەسەر بوونی بەرگری بۆ ئەنسۆلین، هەرچی ماندووبوونی دوای ژەمی خواردنە، مانای وایە خانەكانی لەش ناتوانن وەك پێویست گلوگۆز وەربگرن، ئەوەش بەهۆی بوونی بەرگریی بۆ ئەنسۆلین، بەوەش رێژەی شەكر لە خوێن كەم دەبێتەوە، هەرچی زیادبوونی خوارستە بۆ شیرینی، بەڵگەیە بە تووشبوونی حاڵەتەكە، بەهۆی دابەزینی رێژەی شەكر لە خوێن، بەوەی لەش بۆ دەستكەوتنی وزە بەرەو خواردنی شیرینی هان دەدات، هەرچی دەركەوتنی زیادەی گۆشتە لەسەر پێست، بەهۆی هاندانە بەرەو زیادبوونی خانەكانی پێست بەهۆی بەرگری بۆ ئەنسۆلینەوە، جیا لە زۆر تێنووبوون و زۆر میزكردن.