میكرۆبی گەدە یەكێك لە بڵاوترین حاڵەتەكانە كە كەسی تووشبوو بەهۆی نیشانەكانی بەتەواوەتی بێزار دەكات، هاوكات چارەسەرنەكردنی ئەنجامی مەترسیداری هەیە، بۆیە پێویستە سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بكرێت، چەند نیشانەیەكی هەیە كە بەیانیان لەسەر مرۆڤ بەدیار دەكەوێت، وەك ئازاری گەدە لەكاتی بەخەبەربوونەوە.
شارەزایانی تەندروستی ئاماژە دەكەن كە یەكێك لە نیشانە باوەكانی تووشبوون بە میكرۆبی گەدە، ئازاری بەیانیانی گەدەیە، ئەو كەسە هەست بە ئازارێكی زۆری گەدەی دەكات، ئەوەش بەهۆی بەتاڵی گەدە بەر لە خواردن یان خواردنەوە، بۆیە دوای ئەوەی كەسەكە شت دەخوات، ئازارەكەی كەم دەبێتەوە، نیشانەیەكی تر هیڵنجهاتنەوە و رشانەوەیە، بەتایبەتی بەیانیان دوای بەخەبەرهاتنەوە ئەوەش بەهۆی ورووژان و هەوكردنی پەردەی ناوپۆشی گەدە بەهۆی بەكتریاكەوە.
نیشانەیەكی تر قرقێنەیە، كەسانی تووشبوو زۆر قرقێنە دەكەن لەكاتی نوستن و لە كاتی بەخەبەرهاتنەوەش، ئەوەش بەهۆی زۆری بای سك بەهۆی میكرۆبەكە و تێكچوونی پرۆسەی هەرسكردن، لەدەستدانی ئارەزووی خواردن، واتە دوای خواردنێكی كەم هەست بە تێربوون دەكەن، بۆیە كێشی لەشیان بە خێرایی دادەبەزێت، بۆنی ناخۆشی دەم لەكاتی بەخەبەربوونەوە، ئەوەش بەهۆی تێكچوونی گەدە و ئەو هەوكردنەی هەیە.