هەندێك كەس، بەتایبەتی جگەرەكێشەكان، لە كاتی رۆیشتن هەست بە ئازاری قاچەكانیان دەكەن، ئازارێك كە لەگەڵ وەستان نامێنێت، پزیشكێك باسی ئەوە دەكات كە رەنگە ئەو ئازارە پێوەندی بە لوولەكانی خوێنەوە هەبێت، واتە تەسكبوونەوە یان داخرانیان.
د. شەریف حوسێن پسپۆڕی نەخۆشییەكانی دڵ و لوولەكانی خوێن، ئاماژە دەكات كە هەستكردن بە ئازار یان ماندووبوونی كتوپڕی قاچەكان لە كاتی رۆیشتن، بەتایبەتی لای ئەوانەی زیادەڕۆیی لە جگەرەكێشان دەكەن، رەنگە نیشانەیەك بێت بۆ تەسكبوونەوە یان داخرانی خوێنبەرەكانی قاچ، ئازارەكە بەهۆی لاوازی و كەم گەیشتنی خوێنی دەوڵەمەند بە ئۆكسجین بۆ ماسولكەی قاچەكان لە كاتی جووڵانەوە دروست دەبێت، ئەوەش هەستی ماندوبوون و گرژبوونی ماسولكە و ئازار دروست دەكات.
روونی كردەوە، جگەرەكێشان مەترسیدارترین هۆكارە بۆ زوو رەقبوون و تەسكبوونەوەی خوێنبەرەكان، نیكۆتین و مادە ژەهراوییەكانی ناو جگەرە زیان بە دیواری خوێنبەرەكان دەگەیەنن و هەوكردنی و لینجیی خوێن زیاد دەكەن و خوێنمەیین خێرا دەكەن، هەموو ئەوانەش راستەوخۆ كاریگەرییان لەسەر خوێنبەری قاچ و پێكان هەیە، هەرچی نیشانەكانە، ئەو پزیشكە دەڵێت، ئازار و قورسبوونی قاچ لە كاتی رۆیشتن، كە لە كاتی وەستان ئازارەكەی كەم دەبێتەوە، ساردبوونی قاچەكان و مێروولەكردن و لاوازییان و درەنگ سارێژبوونی برینی پێیەكان دیارترین نیشانەی ئەو حاڵەتەن.