زۆر كەس لە كاتی سترێس و شڵەژانی دەروونی و راراییەوە تووشی كێشەی گەدە دەبنەوە، پزیشكێك وریایی لە پێوەندیی هەردوو حاڵەتەكە دەدات بەوەی رەنگە برینی گەدە و كێشەی تر دروست بكات.
د. شندی محەمەد شەریف پزیشكی راوێژكاری جگەر و كۆئەندامی هەرس لەبارەی كاریگەریی دۆخی دەروونی مرۆڤ لەسەر گەدە و كۆئەندامی هەرس ئاماژە دەكات، ئەگەری هەیە رارایی زۆر و ناهاوسەنگیی دۆخی دەروونی ببنە هۆی دەركەوتنی جۆرێك لە برین بەناوی برینی رارایی، كە لە برینی ئاسایی گەدە جیاوازە، كە بەهۆی میكرۆبی گەدە و هەندێك دەرمانەوە دروست دەبێت.
زیاتر گوتی، ئەو برینە سووك و زوو چاك دەبێتەوە، لەگەڵ كۆنترۆڵكردنی هۆكارەكەی، بەڵام هەر ئەوەندە نییە و دەبێتە هۆی دەركەوتنی نەخۆشی فسیۆلۆجی لە كۆئەندامی هەرس، كە ئێستە زۆر بڵاوە، بەتایبەتی لە گەنجان، خراپیی دۆخی دەروونی كار لە جووڵەی گەدە و ریخۆڵەكان دەكات و هەندێك نیشانەی بێزاركەر دروست دەكات، وەك ئازاری سك و شێوانی هەرس و هەستكردن بە هێڵنج و نەمانی ئارەزووی خواردن و خواستی رشانەوە و بای سك لە دوای ژەمەكان، تەنانەت لە دوای خواردنەوەی ئاویش.
ئەو پزیشكە قۆلۆنی دەمارگیریی بە شێوەیەكی كاریگەربوونی كۆئەندامی هەرس بە رارایی و خراپیی دۆخی دەروونی دادەنێت، كە رەنگە كاریگەرییەكەی تەواوی كۆئەندامەكە بگرێتەوە، لەوش زیاتر دەبێتە هۆی زیادبوونی لێدانی دڵ و هەناسەتنگی و سەرئێشە و خەوزڕان و شێوانی خەو و رارایی بەردەوام و شەكەتی و داهێزران.