هەر میوەیەك پارێزگاری لە تەندروستیی بەشێكی جەستە دەكات.. زانیاری لەبارەیانەوە بزانن

:: AM:10:37:08/06/2026 ‌
زۆرن ئەوانەی پێیان وایە میوەكان تەنیا شیرینییەكی سروشتین، بەڵام راستییەكەی هەر میوەیەك سوودەكەی بۆ بەشێكی جەستە كاریگەرە و ڤیتامین و ریشاڵی تایبەت و ئۆكسید دەبەخشێت، بۆیە میوەكان بەشێوەیەكی گشتی بۆ تەندروستیی گشتی زۆر سوودبەخشن و لە زۆر نەخۆشی دوورتان دەخەنەوە.

پێگەی "ئەهرام"ی میسری كە زانیارییەكانی لە بەشی تەندروستیی "وۆڵد هێڵس ئۆریجەینزەیشن" وەرگرتووە، پسپۆرانی بواری خۆراك لەبارەی سوودی میوەكان بۆ جەستە، قسەیان بۆ كردووە و دووپاتی دەكەنەوە، هەر جۆرە میوەیەك چ وەك چێژ و تام یان رەنگەكانیان، سوود بە جەستە دەگەیەنن و ڤیتامین و ریشاڵ و ئۆكسید و ئاسن دەبەخشن، چونكە رەگەزی خۆراكی بە جەستە دەگەیەنن وەك بەرگریی جەستە، هەرس، وزە و پێست، لە هەمووی گرنگتر پارێزگاری لە تەندروستیی دڵ دەكەن.

میوە سوورەكان وەك فەراولە و ترێی سوور و هەنار، بە دژەئۆكسید دەوڵەمەندن و  پارێزگاری لە تێكچوونی شانەكان دەكەن. بەپێی ئەو توێژینەوانەی تا ئێستە كراون، ئەو خۆراكانەی بە دژەئۆكسید دەوڵەمەندن، پارێزگاری لە تەندروستیی دڵ و كەمكردنەوەی هەوكردنەكان دەكەن.

هەروەها میوە پرتەقاڵی و زەردەكان وەك پەرتەقاڵ، و مانجۆ و قەیسی "زەردەلوو"، بە ڤیتامین "سی" و بیتا كارۆتین دەوڵەمەندن، ئەویش بۆ تەندروستیی پێست و بەرگریی جەستە و چاوەكان زۆر گرنگن، بەتایبەتی ڤیتامینی "سی" سوودی زۆری بۆ هەڵمژینی ئاسن هەیە لە سەرچاوە رووەكییەكان.

میوە سەوزەكان وەك سێوی سەوز و كیوی و ترێی سەوز، بە ریشاڵ و ترشەڵۆكی فۆلیك و دژەئۆكسید دەوڵەمەندن. ئەو سیستمە خۆراكییە بۆ تەندروستیی دڵ و هەرس زۆر بەسوودن.

هەروەها میوە شینباوەكان وەك هەنجیری مەیلەو شین و توو و هەرمێ، پارێزگاری لە شانەكان بەشێوەیەكی گشتی دەكەن. وێڕای هەموو ئەمانە، ئەو شەكرەی لەناو میوەكاندا هەیە، شەكری سروشتین و زۆر جیاوازن لە شیرینییە دروستكراوەكان و خواردنەوە غازییەكان، چونكە لە میوەكاندا ریشاڵ و ئاو و رەگەزە خۆراكییەكان هەن كە رۆڵیان هەیە لەوەی كەمتر مادەی شەكر هەڵبمژن.

دواتریش پسپۆرانی بواری خۆراك لەبارەی زێدەڕۆیی لە خواردنی میوەكان ئاماژە بەوە دەكەن، زۆر پێویستە خواردنی میوەكان مامناوەند بێت نەك زێدەڕۆیی لە خواردنیان بكرێت، چونكە مادەی شەكر لە میوەكاندا هەیە و ئەگەر زۆریان لێ بخورێت، مەترسیی لە تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرەیان لێ دەكرێت، بەتایبەتی ئەوانەی لە بنچینەوە نەخۆشییەكەیان هەیە. 

هاوكات میوە راستەوخۆ بخورێت باشترە لەوەی ئاوەكەی لێ دەربهێنرێت و بخورێتەوە، چونكە لە میوەدا ریشاڵ هەیە و كاتێك ئاوەكەی دەردەهێنرێت، ریشاڵەكەی لە دەست دەدات و ئەوەی دەمێنێتەوە زیاتر شەكرەكەیەتی، جیالەوەی بەبێ ئەو ریشاڵە، هەستی تێربوون لە دەست دەدات.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د