پێوەندی لە نێوان قەڵەوی و كێشەكانی پرۆستات چییە؟

:: PM:06:54:10/06/2026 ‌

پرۆستات، كە بریتییە لە رژێنێكی تۆواوگ و بەشێك لە كۆئەندامی زاوزێی نێرینە، لە شانەی ماسولكەیی و رژێنی پێك دێت، ئەو رژێنە شلەیەكی خەستی سپی دەردەدات كە یارمەتی گواستنەوەی سپێرم دەدات، بۆیە ئەو ئاوەی لە پرۆسەی سێكس دەردەدرێت و سپێرمەكانی تیادایە لەو رژێنە بەرهەم دێت، رژێنەكە كەوتووەتە ژێر میزڵدان و كێشەكەی 20 گرامە، واتە بەقەد گوێزێك.

شارەزایان ئاماژە دەكەن كە قەڵەوی و زیادبوونی كێش هۆكارن بۆ زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە كێشەكانی پرۆستات، بەتایبەتی ئاوسان و هەوكردنی، ئەوەش بەهۆی كاریگەریی چەوری زیادە لەسەر هۆرمۆنەكان و زیادكردنی هەوكردن لە لەش، هەروەها رەنگە قەڵەوی كار لە توندیی نیشانەكان و تەندروستیی بۆری میز بە گشتی بكات.

بەپێی وەزارەتی تەندروستیی سعوودیە، ئاوسانی پرۆستات لەگەڵ چوونە ناو تەمەن شتێكی ئاساییە و رەنگە بەو هۆیەوە چەند نیشانەیەكی بێزاركەر دروست ببێت، وەك داخران و نەهاتنی میز و كەمهاتنی، ئەو حاڵەتە تووشی 8%ی پیاوان لە تەمەنی 31 بۆ 40 ساڵ و 80% ی پیاوانی تەمەن 80 ساڵ دەبێتەوە.

لە نیشانەكانی كە لەگەڵ چوونە ناو تەمەن زیاد دەكات، بەتایبەتی لە دوای 50 ساڵ بەدیار دەكەون، زەحمەتی لە هاتنی میز و هەستكردن بە هاتنی و پێویستیی چوونە سەر ئاو و زەحمەتی لە بەتاڵبوونی میزڵدان و لاوازی و پچڕ پچڕی میز و هاتنی پاشمیز بە شێوەی دڵۆپ دڵۆپ، لە كاریگەرییە خراپەكانی، هەوكردنی رێڕەوی میز و قەتیسبوونی میز و دروستبوونی بەردی میزڵدان و هاتنی خوێن لەگەڵ میز و تێكچوونی میزڵدان و كێشەی گورچیلەكان.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل