ئەمڕۆ هەینی 19ی حوزەیرانی 2026، توێژەرانی زانکۆی چیبای ژاپۆنی و نەخۆشخانەی یەکەمی سەر بە زانکۆی چێنگچۆی چینی ڕایان گەیاند کە ڕۆژووی پچڕپچڕ شوێنەوارە نەرێنییەکانی ماندووبوونی درێژخایەن لەسەر مێشک کەم دەکاتەوە.
لەو تاقیکردنەوانەی لەسەر مشکی تاقیگە ئەنجام دراون، توێژەران مشکەکانیان خستە ژێر ماندووبوونی درێژخایەنەوە و دابەشیان کردن بۆ دوو کۆمەڵە: یەکەمیان بەردەوام خواردنیان پێ دەدرا، لە کاتێکدا دووەمیان خرانە ژێر سیستەمی ڕۆژووی پچڕپچڕ کە تەنیا لە سەعاتی دیاریکراودا ڕێگەیان پێ دەدرا خواردن بخۆن.
ئەنجامەکان دەریانخست کە مشکەکانی کۆمەڵەی دووەم ڕەفتاری خەمۆکییان کەمتر بووە، چالاکتر بوون و زیاتر ئارەزووی خواردنی شیرینییان مابوو، کە ئەمەش نیشانەیە بۆ باشیی دۆخی سۆزداری لە ئاژەڵەکاندا.
شیکردنەوەی مێشکی مشکەکان ئاشکرای کرد کە ماندووبوونی درێژخایەن زیان بە (مایەلین) دەگەیەنێت، کە بەرگێکی پارێزەری ڕیشاڵە دەمارییەکانە و پێویستە بۆ گواستنەوەی ئاساییی نیشانەکان لە نێوان خانەکانی مێشکدا، بەڵام ڕۆژووی پچڕپچڕ یارمەتیدەر بوو بۆ ڕێگریکردن لەو گۆڕانکارییانە و پاراستنی پێکهاتەی مایەلین لەو ناوچانەی مێشک کە بەرپرسن لە بیرەوەری، سۆز و بڕیاردان.
هەروەها توێژینەوەی زیاتر دەریخست کە لەوانەیە ئەم کاریگەرییە پێوەندیی بە گۆڕانکاری لە پێکهاتەی بەکتریای ڕیخۆڵەدا هەبێت، چونکە ڕۆژووی پچڕپچڕ بووەتە هۆی زیادبوونی جۆراوجۆریی بەکتریا سوودبەخشەکان کە لەوانەیە یارمەتیدەر بن بۆ پاراستنی مێشک لە شوێنەوارەکانی ماندووبوون.
زۆر کەس بۆ دابەزاندنی کێش پشت بە سیستەمی ڕۆژووی پچڕپچڕ دەبەستن، بەڵام شارەزایانی تەندروستی هۆشداری دەدەن لە پێڕەوکردنی ئەم سیستەمە بەبێ چاودێریی پزیشک یان پسپۆڕی خۆراک.
پێڕەوکردنی ئەم سیستەمە لەوانەیە لە هەندێک حاڵەتدا ببێتە هۆی دروستبوونی کێشە لە هۆرمۆنەکانی جەستەدا، هەروەها گونجاو نییە بۆ ئەو کەسانەی بەدەست نەخۆشییەکانی جگەرەوە دەناڵێنن، یان نەشتەرگەریی دەرهێنانی زراویان کردووە، یان کێشەی گەدەیان هەیە.