هەندێك لە نەخۆشەكان پێیان وایە لە دوای لابردنی توورەگەی زۆراو كێشە تەندروستییەكەی پێشتر هەیبووە كۆتایی دێت، بەتایبەتی دوای نەمانی بەردی زراو، بەڵام دوای نەشتەرگەرییەكە هەندێك نیشانەیان لەسەر بەدیار دەكەوێت، پزیشكێكی پسپۆڕ ئاماژە بۆ خۆكارەكان و شێوازی ژیانی نەخۆش لە دوای لابردنی توورەگەی زراو دەكات.
د. فارووق كامل حەسوون پسپۆڕی چارەسەری خۆراك و چارەسەری سروشتی ئاماژە دەكات، ئەو زراوەی لە جگەرەوە بەرهەم دێت، لە توورەگەی زراو كۆ دەكرێتەوە، لە كاتی پرۆسەی هەرسكردنی خۆراك دەڕژێتە ناو ریخۆڵە بۆ یارمەتیدانی هەرسكردنی چەوری، بۆیە دوای لابردنی توورەگەكە، زراو راستەوخۆ لە جگەرەوە دەگاتە ریخۆڵە.
روونی كردەوە، بەڵام وەك پێشوو كۆ ناكرێتەوە و میكانیزمەكە دەگۆڕێت، ئەوەش كار لە پرۆسەی هەرسكردن لای هەندێك كەس دەكات، هەندێك لە نەخۆشان لە دوای لابردنی زراو چەند نیشتنەیاكیان لەسەر بەدیار دەكەوێت، وەك شێوانی هەرسكردن بای سك و نارەحەتیی لەسكیان، ماندووبوون و دابەزینی ئاستی وزەی لەشیان، لە هەندێك حاڵەتیش كۆبوونەوەی خوێ و دروستبوون بەردی گورچیلە و ئازاری جومگەكان، بەڵام ئەو نیشانانە لە هەموو نەخۆشەكان بەدیار ناكەوێت و زۆرینەیان ژیانێكی ئاساییان دەبێت، پێویستی بە كاتە تا لەش لەگەڵ گۆڕانكارییەكە دەگونجێنێت.
ئەو پزیشكە دووپاتی كردەوە كە پێویستە لە دوای لابردنی توورەگەی زراو، خواردنی چەوری و قورس كەم بكرێتەوە و ژەمی سووك و كەم بە درێژایی رۆژ بخورێت، ئاو بە بڕی پێویست بخورێتەوە و سیستمێكی هاوسەنگی خۆراك پێڕەو بكرێت.