بایەخ بەو خۆراكانە بدەن كە كاریگەرییان لەسەر هۆرمۆنی دڵخۆشی هەیە

:: AM:11:45:25/06/2026 ‌
پسپۆرانی بواری خۆراك لە لێكۆڵینەوە و توێژینەوەدا ئەوەیان ئاشكرا كردووە، هەندێك خۆراك هەن مادەی سیرۆتۆنین بەرهەم دێنن كە ئەوەیش پێوەندیی بە گەشەی هۆرمۆنی دڵخۆشی هەیە، چونكە مادەی تربتۆفان لەخۆ دەگرێت، ئەویش ترشەڵۆكی ئەمینی و جەستە بەرهەمی دێنێت، دواتریش رۆڵی زۆری هەیە لەسەر میزاج و تەندروستیی دەروونی.

پسپۆرانی بواری خۆراك كە زانیارییەكانیان لەوبارەیەوە بۆ پێگەی "ئەهرام"ی میسری خستووەتەڕوو و روونیان كردووەتەوە، سیرۆتۆنین رۆڵی گرنگ دەبینێ بۆ هەستكردن بە دڵخۆشی، ئەو مادەیەیش لە سەرچاوە خۆراكییەكان دێتە بەرهەم. دروستە كە خۆراك تاكە فاكتەر نییە راستەوخۆ بۆ ئەو حاڵەتە دەروونییە، بەڵام بە ناڕاستەوخۆ هەمان رۆڵ دەبینێت، بۆیە گرنگە بایەخ بەو خۆراكانە بدرێت كە سیرۆتۆنین بەرهەم دێنن.

باس لەوە دەكەن كە جەستە خۆی تربتۆفان دروست ناكات، بەڵكو لە رێگەی هەندێك خۆراكەوە بەرهەمی دێنێ، بەتایبەتی ئەو خۆراكانەی بە ترشەڵۆكی ئەمینی دەوڵەمەندن، وەك هێلكە و  بەرهەمە شیرەمەنییەكان و گۆشتی ماسی و چەرەزات و گۆشتی قەل "عەلەشیش" و هەندێك خۆراكی تریش.

باس لەوە دەكەن كە هێلكە سەرچاوەیەكی گرنگی تربتۆفانە، سپێنییەكەی پرۆتین لە ناو خوێن بەرز دەكاتەوە، هاوكات زەردێنەكەیشی رەگەزی خۆراكیی وەك كۆلین و ترشەڵۆكی ئۆمیگا 3ی چەوری لەخۆ دەگرێت. هەروەها لە شیرەمەنییەكانیش بەتایبەتی پەنیر، سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندی تربتۆفانە، لەگەڵ سۆیا كە ترشەڵۆكی ئەمینی بەرهەم دێنێ، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی كەمتر بەرهەمی ئاژەڵی دەخۆن.

باس لە ماسیش دەكەن بەتایبەتی جۆری سەلەموون، چونكە تربتۆفان لەخۆ دەگرێ لەگەڵ ترشەڵۆكی ئۆمیگا3 و ڤیتامین "دی"، ئەوانە كاریگەرییان لەسەر تەندروستیی گشتی هەیە، جیا لە چەرەزات و تۆوی ناوكە، تربتۆفان لەخۆ دەگرن. هاوكات گۆشتی عەلەشیش كە پرۆتینی زۆر لەخۆ دەگرێت، تەواوی ترشەڵۆكە ئەمینییەكانی تێدایە كە جەستە پێویستیی پێیانە.

دواتریش پسپۆران دووپات دەكەنەوە، بەرهەمهێنانی سیرۆتۆنین تەنیا خۆی لە خۆراك نابینێتەوە بۆ ئەوەی كەسەكە دڵخۆش بێت و ئەو هۆرمۆنەی زیاتر گەشە بكات، بەڵكو چالاكیی وەرزشی و خۆدانەبەر هەتاو و پارێزگاری لە تەندروستیی بەكتریای سوودبەخش، رۆڵی كاریگەر دەبینن بۆ تەندروستیی دەروونی و میزاج و حاڵەتی دڵخۆشی.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د