بۆچی ژنان زیاتر بە گەرمی كاریگەر دەبن؟

:: PM:09:30:25/06/2026 ‌

وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما كاریگەریی خستووەتە تەواوی مرۆڤەكان، بەڵام ئەو كاریگەرییە لە كەسێكەوە بۆ یەكێكی تر و بەپێی تەمەن و رەگەز و دۆخی تەندروستی جیاوازە، توێژینەوەیەكی نوێ ئاماژە دەكات كە ژنان زەحمەتتر توانای خۆگونجانیان لەگەڵ كەشوهەوای گەرم هەیە، واتە گەرما بۆ ئەوان كاریگەرتر و مەترسیدارترە.

توێژەران ئاماژە دەكەن كە ئەو جیاوازی كاریگەرییەی لە نێوان ژن و پیاو بە گەرمی هەیە، تەنیا پێوەندی بە شێوازی ژیانەوە نییە، بەڵكو پێوەندی میكانیزمە فسیۆلۆجییەكانی لەشیانەوە هەیە، وا دەكات جەستەی ژن بە شێوەیەكی جیاواز كاردانەوەی لەگەڵ گەرمادا هەبێت، ئەوەش ئەگەری تووشبوونیان بە گەرمابردوویی لە دۆخە زۆر گەرمەكان زیاتر دەكات، واتە ئەوان بە هۆكاری بایۆلۆجی و هۆرمۆنییەوە زەحمەتتر خۆیان دەگونجێنن و زیاتر كار لە توانای لەشیان دەكات بۆ خۆرزگاركردن لە گەرمی زۆر.  

بەپێی توێژینەوەكە، ژنان لە پلەیەكی گەرمی ناوخۆیی بەرزتر دەست بە ئارەقەكردن دەكەن، جیا لەوە بڕی ئارەقەكردنەكەیان كەمترە لەوەی پیاو، ئەوانەش توانای خۆساركردكردنەوەی ئاسایی كەم دەكەنەوە و وا دەكەن رزگاربوون لە گەرمی زیادی لەش زەحمەتتر بێت، توێژینەوەیەكی تر دەڵێت، پیاوان تێكڕایەكی زیاتری توانای بەهەڵمبوونی ئارەقەیان هەیە لە كاتی چالاكییە جەستییەكاندا، ئەوەش یارمەتییان دەدات بۆ نزمكردنەوەی خێراتری پلەی گەرمی لەشیان. 
  


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل