سەرئێشە حاڵەتێكی زۆر بڵاو و رۆژانە مرۆڤ تووشی دەبێت، زۆرجار هۆكارەكەی سووكە وەك سەرمابردوویی و ئینفلەوەنزا و رارایی و كەمی خواردنەوەی ئاو و ناڕێكیی ژەمی خۆراك و كێشەی چاو و هیتریش، هاوكات لە هەندێك حاڵەت مەترسیدارە و ئاماژەیە بۆ حاڵەت و نەخۆشی مەترسیدار و پێویست بە زوو چارەسەركردن دەكات، وەك هەوكردنی پەردەی مێشك.
د. بایبینگ چین پزیشكی پسپۆڕی دەمارەكان وریایی لەو سەرئێشەیە دەدات كە بەهۆی هەوكردنی پەردەی مێشكەوە دروست دەبێت، حاڵەتێكی مەترسیدارە و پێویستە چارەسەر بكرێت، زۆرینەی جۆرەكانی سەرئێشە مەترسیدار نین، بەڵام ئەو جۆرەیان جیاوازە، چونكە پەتایەكە و تووشی پەردەكانی دەوروبەری مێشك و دڕكەپەتك دەبنەوە، رەنگە هۆكارەكەی ڤایرۆسی یان بەكتریایی یان كەڕووەكان بن، مەترسیدارترینیان بەكتریاییەكەیە و ئەگەر زوو چارەسەر نەكرێت بكوژە.
لە نیشانەكانی تووشبوون بەو حاڵەتە، سەرئێشەیەكی توند و تا و رەقبوونی مل و هەستیاری بۆ رووناكی و شێوانی بینین و خەواڵوویی و پەڵەی پێست، دەكرێ ئەو جۆرە هەوكردنە لە رێگەی بەركەوتنی لیكی نەخۆشێكی تر بگوازرێتەوە، وەك ماچكردن یان كێشانی جگەرەی ئەلیكترۆنی یان خواردنەوە لە هەمان گڵاسی نەخۆش، بەریەككەوتنی زۆر نزیكی نەخۆش، بەتایبەتی منداڵی شیرەخۆرە و بچووك و هەرزەكار و گەنج و بەتەمەنداچووەكان یان ئەوانەی سیستمی بەرگریی لەشیان نزمە زیاتر تووشی دەبن.