توێژینەوەیەكی نوێ ئاشكرای كرد كە خواردنەوەی ڕێكخراوی قاوە بەشێوەی ڕۆژانە، دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی تەواوی مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی جگەر و پەككەوتنی جگەر، زۆرترین سوودیشی ئەوكاتە بە مرۆڤ دەگات كە ڕۆژانە پێنج كووپ قاوە بخۆنەوە.
توێژەرانی ئەم
توێژینەوەیە بۆ ماوەی 12 ساڵ تاقیكردنەوەیان لەسەر جەستەی 355 هەزار گەنج كردووە و كاریگەری خواردنەوەی قاوەیان لەسەر جەستەی مرۆڤ تۆمار كردووە.
دەرئەنجامی توێژینەوەكە ئەوەی خستووەتەڕوو، ئەوانەی كە ڕۆژانە پێنج كووپ یان زیاتر قاوە دەخۆنەوە، ئەوە بە ڕێژەی كەمتر 50% ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی جگەر كەم دەبێتەوە، هەروەها پرۆسەی پەككەوتن و لەكاركەوتنی جگەریشیان تووش نابێت، بە بەراورد بەوانەی كە قاوە ناخۆنەوە.
ئەو توێژینەوەیە دووپات لەوە دەكاتەوە، خواردنەوەی قاوە، ئەگەر شیر و شەكر و پێكهاتەی تریشی بۆ زیاد بكرێ، سوودەكانی لە دەست نادات و بەهەمانشێوە كاریگەریی لەسەر جەستەی مرۆڤ دەبێت.
توێژەران دەڵێن، قاوە تەندروستی جگەر باش دەكات، بەهۆی زۆری پێكهاتەی دژە ئۆكسید و هەوكردن لە ناویدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا دووپات لەوە دەكەنەوە كە خواردنەوەی قاوە پێویستە سنووردار بێت.
دەستەی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانی بەریتانیش لەوبارەیەوە دەڵێ، پێویستە ڕۆژانە زیاتر لە پێنج كووپ قاوە نەخۆنەوە، چونكە ئالوودەبوون بە خواردنەوەی قاوە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوەی فشاری خوێن لە جەستەی مرۆڤ.