هەندێك كەس لە كاتی جووڵاندنی سەریان تووشی سەرسووڕان دەبن، رەنگە ئەوە نیگەرانیان بكات، پزیشكێك ئاماژە بۆ هۆكارەكانی ئەو جۆرە سەرسووڕانە دەكات، لەوانە هەوكردنی گوێی ناوەوە و دابەزینی پەستانی خوێن و وشكهەڵگەڕانی لەش و كەمخوێنی و هیتریش.
د. تاریق بشلاوی راوێژكاری نەخۆشییەكانی هەناو لەبارەی ئەو حاڵەتە دەڵێت، لەبەر چەند هۆكارێك روودەدات، لەوانە بەهۆی شێوانی گوێی ناوەوە و هەوكردنی و دابەزینی پەستانی خوێن لەكاتی گۆڕینی شوێنی لەش، وشكهەڵگەڕان و كەمی شلە لە لەش و كەمخوێنی و كاریگەریی هەندێك جۆر دەرمان، ئەو پزیشكە لەبارەی مەترسیداریی حاڵەتەكە دەڵێت، سەرسووڕانی ئاسایی و سادە چەند چركەیەك دەخایەنێت و لەگەڵ حەسانەوە نامێنێت.
روونی كردەوە، بەڵام ئەگەر دووبارە بووەوە یان توند بوو و نیشانەی تری لەگەڵ بەدیار كەوت پێویستە سەردانی پزیشك بكرێت، وەك لەهۆشخۆچوون و داهێزران و مێروولەكردنی پەلێك و زەحمەتی قسەكردن سەرئێشەیەكی كتوپڕی توند و ئازاری سینگ و رشانەوە و بێتوانایی لە وەستان لەسەر پێ، ئەو پزیشكە دووپات كردەوە كە دەتوانرێت لە كاتی سەرسووڕاندا لەسەرخۆ هەڵبستیت یان ئاوێكی باش بخۆیتەوە و خۆت لە جووڵەی كتوپڕی سەر بپارێزە، ئەو حاڵەتە نەخۆشی نییە و نیشانەیەكە و چەند هۆكارێكی هەیە.