پێوەندیی تووشبوون بە چەوری جگەر و وەستانی سووڕی مانگانەی ژن چییە؟

:: PM:07:35:01/07/2026 ‌

ژن لە قۆناغی پێش وەستانی یەكجارەكیی سووڕی مانگانە و لە كاتی وەستانی سووڕەكە، چەندان گۆڕانكاریی هۆرمۆنی لە جەستەیدا روو دەدات، واتە بەدەر لە تێكچوونی سووڕی مانگانە و ئەو گەرمییەی بە لەشیدا دێت و دەچێت، ئەوەش كار لە تەندروستی جگەری دەكات و ئەگەری تووشبوونی بە چەوری جگەری زیاتر دەبێت.

وەستانی سووڕی مانگانەی ژن پێوەستە بە كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی هۆرمۆنی ئیسترۆجین، ئەو هۆرمۆنەی یارمەتی لەشی دەدا بۆ خۆپاراستن لە چەندان كێشەی تەندروستی، لەوانە كۆبوونەوەی چەوری لە جگەر، بەپێی داتاكان، ژنان لە دوای وەستانی سووڕی مانگانە زیاتر ئەگەری تووشبوونیان بە چەوری جگەر هەیە بە دووهێند، توێژینەوەیەك ئاماژە دەكات كە 57 ژن لە كۆی 100 ژن لە دوای وەستانی یەكجارەكیی سووڕی مانگانە تووشی چەوری جگەر بوونەتەوە، لە بەرانبەر 49 ژن لە 100 ژن لە قۆناغی پێش وەستانی سووڕەكە.

كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی هۆرمۆنی ئیسترۆجین دەبێتە هۆی چەند گۆڕانكارییەك لە لەش و مەترسیی تووشبوون بە چەوری جگەر زیاد دەكات، لەوانە خاوبوونەوەی پرۆسەی میتابۆلیسم، ئەوەش زیادبوونی كێشی لەش ئاسان دەكات، زیادبوونی كەڵەكەبوونی چەوری لە ناو جگەر و لاوازیی توانای لەش بۆ تێكشكاندنی چەوری و سوودبینین لێی، زیادبوونی كەڵەكەبوونی چەوری لە ناوقەد و سك، بۆیەش زۆرینەی ژنەكان لە دوای وەستانی سووڕی مانگانەیان كێشیان زیاد دەبێت، بەهۆی كەمبوونەوەی سووتانی كالۆری، زیادبوونی كێشیش دەبێتە هۆی كەڵەكەبوونی چەوری لە جگەر و زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە چەوری جگەر.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل