زانایان و توێژەران بۆ یەكەمجار توانیان خانەیەكی دەستكرد لە سفرەوە دروست بكەن و دوای تەواوبوونیشی، توانای گەشەكردن و زیادبوون و وەرگرتنی خۆراكی هەیە، هاوشێوەی هەر خانەیەكی سروشتی جەستەی مرۆڤ، ئەمە پێشكەوتنێكی گەورەی بواری پزیشكییە و داهاتووی تەندروستی و بواری پزیشكی دەگۆڕێت.
دروستكردنی ئەو خانە دەستكردە و كاركردنی بێ كێشە، دەرگە بۆ سەردەمێكی نوێ دەكاتەوە، ئەویش دروستكردنی زیندەوەر بەو جۆرەی كە دەتەوێ دیزاینی بكەیت، هاوشێوەی هەر زیندەوەرێكی تری زیندوو دەمێنێتەوە و خانەكانی گەشە دەكەن و زیاد دەبن.
كیت ئادامالا زانای زیندەزانی دەستكرد و پسپۆر لە زانكۆی مینیسۆتا و تیمەكەی، توانیویانە ئەو خانەیە هەنگاو بە هەنگاو دروست بكەن، بە بەكارهێنانی پێكهاتەی كیمیایی نازیندوو.
ئەو داهێنانە نموونەی سەرەتاییە و تواناكانی سنووردارن، بەڵام یارمەتیی زانایان دەدات كە لە ڕیشەی ژیان بەشێوەیەكی گشتی بۆ شێوەیەكی وردتر تێبگەین، هەروەها دەتوانن ئەو داهێنانە لە داهاتوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گرنگترین ئاڵنگاری و هەڕەشە بایۆلۆجییەكان لە دنیا بەكار بهێنن.
خانەكە هاوشێوەی خانەیەكی نوێ ڕووەك و گیانەوەران نییە، بەڵكو تار ئاستێكی یەكجار زۆر لە خانەیەكی سەرەتایی بەكتریاكان دەچێت.
كیت ئادامالا گوتی، لیستی پێكهاتەكانی ئەو خانەیە دەزانین و بە وردی پێكهاتە كیمیایی و قەبارە پێویستەكان لە دروستكردنی دەزانین و زۆر بە وردی كارمان لەسەر كردووە، ئەو خانەیە بە تەواوی دروستكراوە، ئەمەیش مانای ئەوەیە كە ئەندازەمان كردووە و بەرهەممان هێناوە.
ماوەی چەندان دەیەیە زانایان كار لەسەر دروستكردنی خانەی دەستكرد دەكەن كە هاوشێوەی خانەی سروشتی كار بكەن، چارەسەری ئەو كێشانەی پێ بكرێت كە ڕووبەڕووی تەندروستی مرۆڤ دەبێتەوە، لە دیارترین هەوڵەكانیش دروستكردنی خانەی جیناتی ئەنسۆلین بوو لە قۆلۆنی مرۆڤ، تا بتوانرێ دووبارە جەستەی مرۆڤ ئەنسۆلین بەرهەم بهێنێتەوە و كۆتایی بە تووشبووانی نەخۆشیی شەكرە بهێنرێت.
خانەكان بنەمای سەرەكی ژیان و زیندوویەتین، جەستەی هەر مرۆڤێك لە 37 تریلیۆن خانە پێكدێت كە ئەم ژمارەیە زیاترە لە كۆی ژمارەی ئەستێرەكان لە ئاسمان، بەڵام تا ئێستەیش زانایان چۆنیەتیی كاركردنی وردی سەرجەم جۆرە جیاوازەكانی خانەكان و پێكهاتەكانی نازانن.