هۆكاری زیادبوونی جەڵتەی دڵ لە گەنجان

:: PM:07:09:02/07/2026 ‌

هەندێك نەخۆشی هەن پێشتر لە تەمەنێكی گەورەدا مەترسی هاتنیان دەكرا، لەوانە جەڵتەی دڵ و كێشەكانی ئێسك و بڕبڕەی پشت و جومگەكان و هیتریش، كەچی ئێستە گەنجان تووشی دەبنەوە، شارەزایانی تەندروستی باسی چەند هۆكارێك بۆ ئەوە دەكەن، لەوانە شێوازی ژیان و سیستمی خۆراك و هیتریش.

د. شەریف حوسێن راوێژكاری نەخۆشییەكانی دڵ و لوولەكانی خوێن باسی دیارترین هۆكارەكانی جەڵتەی دڵ لە گەنجان دەكات و دەڵێت، شەش هۆكاری سەرەكی بۆ ئەو حاڵەتە هەن و بوونەتە هۆی زیادبوونی، زیادەڕۆیی لە خواردنی فاست فوود و شیرینی و چەوری تێر و گۆڕاو، كەمیی جووڵە و خامۆشی، كە دەبنە هۆی زیادبوونی كێش و قەڵەوی و تووشبوون بە بەرزیی پەستانی خوێن و نەخۆشی شەكرە.

روونی كردەوە، هۆكارێكی تر رارایی و سترێسی بەردەوام و درێژخایەنە، هەروەها جگەرەكێشان و نێرگیلە و جگەرەی ئەلیكترۆنی، قەڵەوی و زیادبوونی كێشی لەش و بەرزبوونەوەی بەرزی پەستانی خوێن و رێژەی كۆلیسترۆل و شەكرە بەو هۆیەوە، تووشبوون بە نەخۆشییەكانی شەكرە و بەرزی پەستانی خوێن و كۆنترۆڵنەكردنیان.    

لە نیشانەكانی جەڵتەی دڵ لە گەنجان وەك ئەو پزیشكە ئاماژەی بۆ دەكات، ئازار و پەستان و قورسبوونی ناوەڕاستی سینگ، هەناسەتەنگی و ئازارێك لە باسك و قۆڵەوە بەرەو مل و شەویلاك و پشت درێژ دەبێتەوە، ئارەقەیەكی سارد و هێڵنج و سەرسووڕانێكی كتوپڕ، شەكەتییەكی نائاسایی، ئەگەر ئەو نیشانانە 10 بۆ 15 خولەك بەردەوام بن یان توند بن، پێویستە سەردانی پزیشك بكرێت، بۆ خۆپاراستن پێویستە وەرزش و جووڵەی رێكوپێكی رۆژانە بكرێت، سیستمێكی خۆراكی تەندروست و كێشێكی لەشی تەندروست هەبێت، خەوی باش و سترێس و رارایی كەم هەبێت، واز لە جگەرە بهێنرێت و چاودێریی شەكرە و پەستانی خوێن بكرێت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل