زانیاریی تەندروستی.. ئەو خۆراكانەی بۆ هەوكردنی درێژخایەن چارەسەرن

:: AM:10:21:05/07/2026 ‌
پسپۆرانی تەندروستی باس لەوە دەكەن كە ملیۆنان كەس لە دنیادا، تووشی ئەو نیشانانە بوون كە پێوەندییان بە هەوكردنی درێژخایەن هەیە، وەك ئازارەكانی شان و مل و ماسولكە و كەمبوونەوەی وزە كە ئەوانە نیشانەی هەوكردنی درێژخایەنن ئەگەر ئازارەكانیان بەردەوامیی هەبێت. بۆیە پسپۆران باس لەو خۆراكانە دەكەن كە بۆ ئەو نەخۆشییە چارەسەرن.

پێگەی "شەفەق نیوز" رۆشنایی خستووەتە سەر ئەو زانیارییانەی پسپۆرانی بواری خۆراك دەیخەنەڕوو كە زیاتر دووپات لە هەوكردنی درێژخایەن دەكەنەوە، لەناویاندا دكتۆر كۆرین توین كە پسپۆری خۆراكە دەڵێت، هەوكردنی درێژخایەن بەپێی بەڕێوەچوونی كات زیاتر لە جەستە كۆ دەبێتەوە و چارەسەریشی ئاسان نابێت، ئەگەری هەیە لە دوورمەودادا ئەو ئازارانەی تووشی نەخش دەبێت، تووشی نەخۆشیی درێژخایەنی مەترسیداری بكات، وەك نەخۆشییەكانی شەكرەی جۆری دوو و دڵ و دەمارەكان و قەڵەوی و هیتریش.

ئەو پزیشكە زیاتر دەڵێت، بەپێی ئەو توێژینەوانەی تا ئێستە ئەنجام دراون، بەوە گەیشتوون كە هەوكردنی درێژخایەن جیا لە كاریگەریی لەسەر جەستە، هاوكات زۆربەی ئەوانەی لە توێژینەوەكان بەشدارن، دەڵێن كاریگەریی لەسەر وزەیش دەبێت، 31%ی بەشداران باس لەوە دەكەن كە ئەو حاڵەتە تووشی تێكچوونی خەوتنی كردوون و تەنانەت لەبەر كەمبوونی وزەیش، توانای راهێنانی وەرزشیشیان نییە.

پزیشكەكە لەبارەی چارەسەر باس لەو خۆراكانە دەكات كە گرنگە بایەخ بە خواردنیان بدرێت، بەتایبەتی كركم و زەنجەبیل و سەوزە گەڵادارەكان، چونكە ئەوانە دژە هەوكردنن. بۆیە دووپات دەكاتەوە كە سەوزەواتەكان بەگشتی و بەتایبەتی گەڵادارەكان، میوە و دانەوێڵە و پاقلەمەنییەكان و چەرەزات، ئەو رەگەزە خۆراكییانەیان تێدایە كە دژە هەوكردنن، بۆیە دیسان دووپات دەكاتەوە كە زۆر گرنگە رۆژانە 30 گرام ریشاڵ بچێتە جەستەوە.

ئاماژە بەوەش دەدات كە ترشەڵۆكی ئۆمیگا3 كە لە گوێز و ناوكە كوولەكەدا هەیە، بەهەمانشێوە بۆ چارەسەری هەوكردنی درێژخایەن زۆر گرنگن. جیا لە خواردنی خۆراكانە، گرنگە ئەوەی ئەو كێشەیەی هەیە، خۆی لە خۆراكی دروستكراو و هاوكات لە ژاوەژاویش دوور بكەوێتەوە و هەوڵ بدات خەوی پێویست بخەوێت، وێڕای راهێنانی وەرزشی و جووڵەی بەردەوام، هەموو ئەوانە وا دەكەن هەوكردنەكە كەمتر ببێتەوە و مەترسییەكانیش كەمتر بن.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د