چوارەمین تووشبوو بە پەتای "تای خوێنبەربوون" لە كەركووك تۆمار كرا

:: AM:10:36:06/07/2026 ‌
فەرمانگەی تەندروستیی كەركووك رای گەیاند، حاڵەتێكی تووشبوو بە پەتای تای خوێنبەربوون لە قەزای حەویجەی سەربە كەركووك تۆمار كرا، بەوەیش ئەوانەی لەمساڵدا تووشی ئەو پەتایە بوون، گەیشتە چوار حاڵەت.

پێگەی "شەفەق نیوز" كە هەواڵەكەی لە سەرچاوەیەك لە فەرمانگەی تەندروستیی كەركووك وەرگرتووە كە رای گەیاند، حاڵەتێكی تووشبوو بە تای خوێنبەربوون لە نەخۆشخانەی گشتیی حەویجە تۆمار كرا، ئەویش ئافرەتێكی تەمەن 35 ساڵە و دانیشتووی گوندی "برتغالیە"یە. ئەو حاڵەتە یەكەمی تووشبووە لە حەویجە و چوارەمین حاڵەتیشە لەسەر ئاستی پارێزگاكە.

سەرچاوەكە زیاتر گوتی، ئێستە تووشبووەكە چارەسەری پێویست بەپێی پرۆتۆكۆلە تەندروستییەكان وەردەگرێت، بۆ ئەوەیش تیمە تەندروستییەكان بەپێی ئەو رێوشوێنانەی بۆ پەتاكان بەڕێوە دەبرێن تا پەتاكان زیاتر گەشە لەناو هاووڵاتییان نەكەن، هەمان رێوشوێن لەگەڵ حاڵەتە نوێیەكەی تای خوێنبەربوون دەگرنەبەر.

بەردەوام تیمەكانی تەندروستی رێنوێنییەكان بۆ هاووڵاتییان بڵاو دەكەنەوە و داوا دەكەن لە تێكەڵبوون لەگەڵ ئاژەڵە نەخۆشەكان خۆیان دوور بكەنەوە، هاوكات دووركەوتنەوە خواردنی گۆشتی ئەو ئاژەڵانەی لە لە دەرەوەی سەربڕخانە فەرمییەكانی حكوومەت دێنە سەربڕین. هاوكات هاووڵاتییان بۆ هەر حاڵەتێكی گومانلێكراو بە پەتاكە، ئاگاداری لایەنی پێوەندیدار بكەنەوە.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د