لە سلێمانی شەپۆلێكی سكچوون و رشانەوەی منداڵان هەیە و هۆشداریی دەدرێت

:: PM:03:02:07/07/2026 ‌
نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی رای گەیاند، 550 منداڵ بەهۆی شەپۆلی سكچوون و ڕشانەوەوە داخل كراون.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە شاری سلێمانی ڕای گەیاند، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و هاتنی وەرزی هاوین، حاڵەتەكانی تووشبوون بە سكچوون و ڕشانەوە لە ناو منداڵاندا بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیان كردووە.

د. كۆیان زاهیر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی ئاشكرای كرد، ئەگەرچی بە بەراورد بە مانگەكانی پێشووی ئەمساڵ ڕێژەی تووشبوون بەم نەخۆشییە ڕووی لە زیادبوون كردووە.

لەبارەی ئامارەكان و ژمارەی ئەو نەخۆشانەی كە پێویستیان بە چاودێریی چڕ هەبووە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە ئاماژەی بەوە كرد كە لە ماوەی نێوان یەكی حوزەیران تا یەكی تەمووز، نزیكەی 550 منداڵ بەهۆی توندیی نیشانەكانی سكچوون و ڕشانەوەوە لە نەخۆشخانە داخل كراون و چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە.

ئەمەش پێشانی دەدات كە گۆڕانی كەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، ڕاستەوخۆ كاریگەریی لەسەر گەشەكردنی ڤایرۆس و بەكتریای گەدە و ڕیخۆڵەی منداڵان دروست كردووە.

پێوەست بە دۆخی ناو نەخۆشخانەكان و ئامادەیی كەرتی تەندروستی بۆ بەدەمەوەچوونی حاڵەتەكان، د. كۆیان زاهیر دڵنیایی دایە هاووڵاتییان كە هەرچەندە هەندێك لە كەیسەكان زۆر توند و سەخت بوون، بەڵام جێی خۆشحاڵییە كە تا ئێستە هیچ حاڵەتێكی گیان لەدەستدان یان مردن بەهۆی سكچوون و ڕشانەوەوە تۆمار نەكراوە.

دووپاتی كردەوە كە سەرجەم پێداویستییە پزیشكییەكان و دەرمانی پێویست لە كۆگەكانی نەخۆشخانەكەدا بەردەستن، تیمەكان لەم مانگی تەمووزە لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ پێشوازیكردن لە هەر حاڵەتێكی كتوپڕ.



وشە - سۆران عەزیز