بەرزبوونەوە و دابەزینی شەكری خوێن كامیان مەترسیدارترە؟

:: PM:07:12:07/07/2026 ‌

كاربۆهیدرات و شەكر سەرچاوەی سەرەكیی وزەن بۆ مرۆڤ، بۆ دەستكەوتنی وزە و ئەنجامدانی فەرمانەكانی لەش و بەجێگەیاندنی زیندە چالاكییەكان پێویستن، واتە بۆ گەشەی خانە و شانە و ئەندامەكان و كاركردن و جووڵانەوەی لەش، هاوكات پێویستە پارێزگاری لە ئاستی شەكری خوێن بكرێت بۆ خۆپاراستن لە كاریگەرییە نەرێنییەكانی، رێژەی شەكری خوێن هەڵبەز و دابەزین دەكات، بەڵام كامیان مەترسیدارترە؟ 

د. ماهر جارحی پزیشكی راوێژكاری نەخۆشییەكانی هەناو و كۆئەندامی هەناسەدان دەڵێت، دابەزینی رێژەی شەكری خوێن لە بەرزبوونەوەی مەترسیدارترە، كاریگەریی مەترسیداری هەیە لەوانە گیانلەدەستدان، چونكە دابەزینی توندی شەكری خوێن دەبێتە هۆی مردن و لەناوچوونی خانەكانی مێشك ئەگەر زوو چارەسەر نەكرێت و رێژەی شەكری خوێن رێك نەخرێتەوە، ئەگەر چارەسەر كرا، نەخۆش لە ماوەی 10 خولەك دێتەوە دۆخی ئاسایی، بەڵام پێویستە وریای شەكرەی بێت و چاودێریی هەڵبەز و دابەزینی بكات.

لە نیشانەكانی دابەزینی توندی شەكری خوێن، لەرزینی پەلەكان بەتایبەتی دەستەكان، ئارەقەیەكی زۆر تەنانەت لە كەشێكی سارددا، زەحمەتیی قسەكردن و لەدەستدانی تەركیز و كەمبوونەوەی هۆشیاری و خێرابوونی لێدانی دڵ، لەو كاتانە پێویستە نەخۆش بۆ خۆپاراستن لە لەهۆشخۆچوون زوو پارچەیەك شیرینی بخوات، راستەوخۆش سەردانی پزیشكی شارەزا بكات.  

هەرچی بەرزبوونەوەی شەكرەی خوێنە، تێنوێتییەكی زۆر و وشكهەڵگەڕانی دەم و زۆر میزكردن، بەتایبەتی شەوان و شەكەتی و داهێزران و شەرئێشە و سەرسووڕان و هێڵنجهاتنەوە، لێڵبینی، ئەو حاڵەتەش پێویست بە سەردانیكردنی پزیشك دەكات، بەتایبەتی ئەگەر چەند نیشانەیەكی توندی هەبوو یان چارەسەر نەكرا.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل