توێژینەوەیەكی نوێ دەریخستووە كە خوێنبەربوون لە پووكەكان و ماسولكەی پارێزەری ددان، نیشانەیەكی ڕوونە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییە مەترسیدارەكانی گورچیلە.
لە دنیادا بە ملیۆنان كەس بەهۆی نەخۆشییەكانی پووكی ددان دەناڵێنن، كە لە شێوەی گرێیەكی سوورهەڵگراو دەردەكەوێ و زۆرجار لە كاتی شوشتنی ددان تووشی خوێنبەربوون دەبێت.
زۆر كەس لەو بڕوایەدان ئەو حاڵەتە بۆیە تووشی مرۆڤ دەبێت، چونكە بە ناڕێكی و بە پەراوێزخراوی ددانەكانیان دەشۆن، بەڵام شارەزایان دەڵێن، ئەمە تەنیا هۆكار نییە بۆ هەوكردن و خوێنبەربوونی پووكەكان، بەڵكو ئاماژەیشە بۆ كێشەیەكی مەترسیدار لە تەندروستیی مرۆڤ.
بەگوێرەی تیمی
توێژەرانی ئەڵمانیا كە تۆماری پزیشكی تایبەت بەو كەسانەی نەخۆشی و گرفتی ددانیان هەیە و شەش هەزار دۆسیەی لە شاری هامبۆرگ لەخۆ گرتووە، پێوەندییەكی نیگەرانكەر و تۆكمەیان لە نێوان نەخۆشی و خوێنبەربوونی پووك و نیشانەی سەرەتایی پێشوەختە بۆ لاوازبوونی گورچیلە لە ئەنجامدانی ئەركەكانی هەیە.
توێژینەوەكانی پێشوو ئەوەیان دەرخستبوو، هەوكردنی بەردەوامی پووك و خوێنبەربوون، پێوەندی بە تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و شەكرە هەیە، بەڵام ئەو توێژینە نوێیە كە لە گۆڤاری ئینتەرناشناڵ جۆرناڵ ئۆف ئۆرال ساینس بڵاو كراوەتەوە و دووپات لەوە دەكاتەوە، لە رووی تەندروستییەوە پشكنینی گورچیلەی شەش هەزار و 179 نەخۆشیان كردووەتەوە، دوای ئەوەی تووشی گرفت لە پووك و خوێنبەربوونی پووك بوون.
توێژینەوەكە كە ناوەندی هامبۆرگ سیتی هێلس ستەدی بڵاوی كردووەتەوە و سەرجەم ئەوانەی توێژینەوەیان لەسەر كراوە، سەرەتا پشكنینی زۆر وردی ددان و پووكیان بۆ كراوە و دواتر پشكنین بۆ دۆخی تەندروستی گورچیلەكانیان كراوە، دواتر لە ئەنجامەكانی پێوەندییەكی بەهێز و تۆكمە لە نێوان هەوكردن و خوێنبەربوونی پووك بە كێشە مەترسیدارەكانی گورچیلە دەركەوتووە.