لە چاوتەوە بزانە مێشكت كێشەی هەیە

:: PM:09:38:09/07/2026 ‌

هەندێك لە ئەندامەكانی لەشی مرۆڤ دەبنە ئاوێنەی تەندروستییەكەی، لەوانە رووخسار و زمان و پێست و نینۆك و پەلەكان و هیتریش، شارەزایانی تەندروستی ئاماژە بۆ نیشانەی چەند نەخۆشییەكی مێشك دەكەن كە لە چاوەكان بەدیار دەكەون، ئەوەش بەهۆی پێوەندیی بەهێزی نێوان مێشك و چاوەوە.

بەپێی شارەزایانی تەندروستی پێوەندییەكی بەهێز لە نێوان مێشك و چاوەوە هەیە، ئەوەش لە رێگەی هەستە دەمار و دەمارەكانی خوێن و شانەكانەوە، لەوانە تۆڕێنەی چاو، كە چینی هەستیارە بۆ رووناكی لە بەشی پشتەوەی چاو و بەشێكە لە كۆئەندامی ناوەندی دەمار، لەو كاریگەرییانە گۆڕانی بینین، وەك لەدەستدانی كتوپڕی بینین یان جوتبینی یان زەحمەتیی جووڵاندنی چاوەكان یان دەركەوتنی پەڵەی كوێری لە چاوەكان، كە هەندێكجار پێوەندییان بە چەند حاڵەتێكەوە هەیە وەك سەكتەی مێشك و رەقبوونی جۆراوجۆری دەمارەكان و هەوكردنی دەماری چاوەكان.

رەنگە ئاوسانی دەماری بینین ئاماژەیەك بێت بۆ بەرزیی پەستان لەناو كەلەی سەردا، كە حاڵەتێكی مەترسیدارە و پێویستی بە چارەسەری بەپەلە هەیە، توێژینەوە نوێكان ئاماژە دەكەن كە هەندێك گۆڕانكاری لە تۆڕینەی چاو رەنگە پێوەندی بە چەند نەخۆشیەكەوە هەبێت وەك ئەلزەهایمەر و پاركنسۆن، بۆیە پێویستە بە بەردەوام پشكنینی خولی بۆ چاوەكان بكرێت، بۆ دڵنیابوونەوە لە تەندروستی مێشك و ئاشكراكردنی زووی هەندێك حاڵەت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل