زانایان کاریگەرییەکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاشکرا دەکەن

:: PM:01:14:10/07/2026 ‌
زانایان ئەمڕۆ هەینی 10ی تەمووزی 2026، ڕایان گەیاند کە تووشبوون بە کۆڤید-19 لەوانەیە ببێتە هۆی کێشە لە بیناییدا، دووپاتیان کردەوە کە ئەمە کاریگەرییەکی نوێیە و دەچێتە پاڵ لیستی لێکەوتە درێژخایەنەکانی ڤایرۆسەکە.

لە توێژینەوەیەکدا کە توێژەرانی زانکۆی لینشۆپینگی سوێدی سەرپەرشتییان کردووە، 100 کەس بەشدارییان پێ کراوە کە پێشتر تووشی کۆڤید-19 ببوون و پێویستیان بە چوونە نەخۆشخانە نەبووە، بەڵام کێشەی بیناییان بۆ دروست بووە کە لە نێوان سێ مانگ تا سێ ساڵ بەردەوام بووە.

تووشبووەکان باس لەوە دەکەن کە بەدەست بێزارییەکی زۆر، هەستیارییەکی لەڕادەبەدەر بەرانبەر بە ڕووناکی، ئازاری توندی چاو و سەختی لە سەرنجدانی بیناییدا ناڵاندوویانە، بە جۆرێک هەندێکیان نەیانتوانیوە دەقەکان بخوێننەوە، ئەمەش ڕێگری لێ کردوون لە بەردەوامبوون لە خوێندن یان کارەکانیان.

جێگەی سەرنج ئەوەیە کە پشکنینە باوەکانی چاو هیچ کێشەیەکیان دەرنەخستووە، ئەمەش وای کرد پزیشکان ناتوانن دەستنیشانکردن یان ڕوونکردنەوەیەک بۆ نیشانەکان بدەن. بۆ چارەسەرکردنی ئەم مەتەڵە، تیمەکە دۆخی ئەم نەخۆشانەیان لەگەڵ گرووپێکی تری 32 کەسی بەراورد کرد کە ئەوانیش تووشی کۆڤید-19 ببوون، بەڵام هیچ کێشەیەکی بیناییان نەبوو.

دواتر توێژەران پەنایان بۆ دوو پشکنینی تایبەت برد، یەکەمیان هەوکردنی درێژخایەن و تێکچوونی لە چەندین فەرمانی چاودا ئاشکرا کرد کە لەلایەن دەمارەکانی مێشکەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێن. پشکنینی دووەمیش کە شیکاری بۆ پرۆتینەکانی ناو شلەی فرمێسک کردبوو، دەرکەوت کە شێوازێکی ناسروشتی لە پرۆتینەکانی ڕێکخەری دەمار و بەرگری هەیە، کە هاوشێوەی ئەو دۆخانەیە لە کاتی تووشبوونی سەخت و کوشندەی کۆڤید-19دا دەبینرێت.

نێڵ لاگالی، نووسەری سەرەکیی توێژینەوەکە ڕوونی کردەوە کە ئەم پشکنینە پێشکەوتوویانە ئەوەیان ئاشکرا کرد کە پشکنینە ئاساییەکان نەیانتوانی بیبینن، دووپاتی کردەوە کە ئێستە دەتوانرێت کێشە بیناییەکانی لای تووشبووان ڕوون بکرێتەوە.

دەرکەوتووە کە تێکچوونی دەمارەکان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە، بووەتە هۆی تێکچوونی کارکردنی بیلبیلەی چاو، ئەمەش وای کردووە بڕێکی زیاتر لە پێویست ڕووناکی بچێتە ناو چاوەوە. ئەمە هۆکاری ئەو هەستیارییە زۆرەیە بەرانبەر بە ڕووناکی کە نەخۆشەکان سکاڵایان لێ دەکرد، هەروەها سەرئێشە و سەختی لە خوێندنەوە و سەرنجدان کە لەگەڵیدا بووە، تێکچوونی دەمارەکان پەیوەندی بە دەرکەوتنی خێلی لای هەندێک کەسیشەوە هەبووە، چونکە هەردوو چاو توانای هاوئاهەنگییان لەگەڵ یەکتر لەدەست دەدەن.

توێژەران هیوادارن ئەنجامەکانیان لەسەر ئاستێکی فراوانتر بڵاو بکرێتەوە، و دانیان بەوەدا ناوە کە توێژینەوەکەیان تەنیا نموونەیەکی بچووکی سوێدییەکانی گرتووەتەوە. ئاواتەخوازن ئەم دۆزینەوەیە ببێتە هۆی پەرەپێدانی چارەسەری کاریگەر، بەڵام دەڵێن کە هێشتا ڕێگەکە درێژە بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتیی کەمکردنەوەی ئەم نەهامەتییە بەردەوامە.


وشە - پۆڵا مەحموود