ئەنجامی توێژینەوەیەكی نوێی دەریخستووە كە هەنگوین رۆڵێكی نوێی بۆ پارێزگاری و زیندووبوونەوەی خانەكانی پێست هەیە. ئەوەیش وا دەكات مرۆڤ لە پیری دوا بخات و رێگە بگرێت لە زیانگەیاندن بە پێست. بێگومان ئەویش بەهۆی ئەو تایبەتمەندییانەی لە هەنگویندا هەیە وەك دژەئۆكسید و هەوكردن و میكرۆبەكان.
پێگەی "
شەفەق نیوز" ناوەڕۆكی توێژینەوەكەی بڵاو كردووەتەوە كە توێژەران لە زانكۆی ساساریی ئیتاڵی ئەنجامیان داوە، ئاماژە بەوە دەدەن كە لە توێژینەوەكەیاندا بەوە گەیشتوون، هەنگوین رۆڵی زۆری بۆ پارێزگاری و زیندبووبوونەوەی خانەكانی پێست هەیە و مرۆڤ لە قۆناغی پیری دوور دەخاتەوە، هاوكات رێگەی زیانگەیاندن بە پێست بەشێوەیەكی گشتی دەگرێت.
توێژەران باس لەوە دەكەن كە هەنگوین بە تایبەتمەندییەكانی دژەئۆكسید و هەوكردن و میكرۆبەكان دەناسرێتەوە، ساڵانێكی زۆرە وەك دەرمان لە بەرهەمە تەندروستییەكان بەكار دێت، بەتایبەتی بۆ چارەسەری سووتان و برین.
هاوكات توێژەران دووپاتی دەكەنەوە كە هەنگوین سەرچاوەی شیلەی چەندان جۆر گوڵە، بۆیە رۆڵی زۆری بۆ پارێزگاری لە پێستی مرۆڤ هەیە بەتایبەتی بۆ زیانگەیاندن كە تیشكی وەنەوشەیی هەیە، ئەوەیش وا دەكات شانەكانی پێست هەمیشە زیندوو بكرێنەوە.
توێژەرانی ئەو توێژینەوە نوێیە بۆ ئەنجامی توێژینەوەكەیان، پشتیان بە چاندنی چەندان جۆری شانەكانی پێست بەستووە كە لە سیستمی ژینگەیی سروشتیی پێستدا هەیە. بۆ ئەوەیش ئەنجامەكانی بەوە گەیشتوون چارەسەری پێست بە هەنگوین، باشترین چارسەرە كە پارێزگاری لە پێست دەكات بە تیشكی وەنەوشەیی.
لەوبارەیەوە د. فیكی ڤۆڵیا كاڤاك كە یەك لە توێژەرانی توێژینەوەكەیە دەڵێت، توانای هەنگوین لە چارەسەرە تەندروستییەكان لە ئاستێكدایە، یارمەتیی شانەكان دەدات بۆ گەڕانەوەیان بۆ هاوسەنگیی سروشتیی خۆیان كاتێك تووشی تیشكی وەنەوشەیی دەبن، بۆ ئەوەیش دیسان ئەو دەرمانە رۆڵی سەرەكی دەبینێت لە زیندووبوونەوەی شانەكانی پێست.