ئەو پێنج هەڵەیەی لە هاوین زیان بە چاوەكانتان دەگەیەنن

:: AM:09:41:13/07/2026 ‌
پزیشكێكی پسپۆری چاو هۆشداریی دەدات كە بەكارهێنانی چاویلكەی ڕەشی دوور لە پارێزەری تیشكی سەرووی وەنەوشەیی، مەلەكردن بێ لەبەركردنی چاویلكەی مەلەكردن، دوو هۆكارن كە زیانی گەورە بە چاوەكانتان دەگەیەنن.

ئەنتۆن كازانتسیف پسپۆری چاو بۆ پێگەی لینتارو دەڵێ، لە دیارترین هەڵەكان كە خەڵك لە هاوین ئەنجامی دەدەن، لە چاوكردنی چاویلكەی ڕەشە كە تایبەتمەندی پاراستنی چاوەكان لە تیشكی سەرووی وەنەوشەیی لەو چاویلكانە بوونی نەبێت، ئەوا ڕێ بە تێپەڕبوونی بڕێكی زۆری تیشكدانەوە بۆ ناو چاوەكان دەدا و زیانیان پێ دەگەیەنێت، بۆیە لە چاونەكردنی چاویلكەی ڕەشی بێ فلتەری دژە تیشكی سەرووی وەنەوشەیی باشترە.

ئەو پزیشكە دەڵێ، لە كاتی كڕینی چاویلكەی ڕەش پێویستە دڵنیا ببنەوە كە تایبەتمەندیی یو ڤی 400 یان پاراستنی 100% لە تیشكی سەرووی وەنەوشەیی هەیە، ئینجا چاویلكەكە بكڕن.

بە گوتەی ئەو پزیشكە، هەڵەی دووەم بریتییە لە دانیشتن بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ بۆ ماوەیەكی زۆر لە بەردەم شەپۆلی هەوای فێنككەرەوەكان، ئەمە دەبێتە هۆی وشكبوونەوەی چاوەكان و پەردەی فرمێسك لە چاو لاواز دەكات، توانای چاو لە دروستكردنی پەردەی فرمێسك ناهێڵێت، ئەمەیش دواجار مرۆڤ تووشی نەخۆشیی وشكبوونی چاوەكان دەكات.

سێیەم هەڵە بریتییە لە مەلەكردن لە ئاوە جۆراوجۆرەكان بێ بەكارهێنانی چاویلكەی مەلەكردن و پاراستنی چاو لە گەیشتنی ئاو بە ناو چاوەكانتان، زۆرجار ئاوەكان پڕن لە بەكتریا و بوونەوەری زیانبەخش كاتێك ڕاستەوخۆ دەچنە ناو چاوەكانتانەوە، هەوكردن لە هاوێنەی چاو دروست دەبێت و زیانتان پێ دەگەیەنێت.

چوارەم هەڵە بریتییە لەوەی كە بە دەستی بە تۆز و پیسی چاوەكانتان بخورێنن، ئەمەیش چاو تووشی ڤایرۆس و هەوكردن دەكات.

پێنجەم هەڵە بەركەوتنی چاوە بۆ ماوەیەكی زۆر بە پلەیەكی گەرمی بەرز و تیشكی ڕۆژ، ئەمە دەبێتە هۆی زیادبوونی شلەی فرمێسك و كەمبوونەوەی گەیشتنی خوێن بە چاوەكانتان.


وشە - باز ئه‌حمه‌د