چۆن بزانرێ كەسێك تووشی "خەمۆكیی شاراوە" بووە؟ پزیشكێكی دەروونی روونی دەكاتەوە

:: PM:02:26:14/07/2026 ‌
لە دنیایەكدا دەژین كە جۆری ژیان و بەڕێوەبردنی كاروبارەكان، پاڵەپەستۆی زۆر دەخەنە سەر مرۆڤ و وێڕای ئەوەی كەسەكان وا دەردەكەون بە ئاسایی دەژین، بەڵام ئەگەری زۆرە كەسانێك لە ناخ و ناوەوەدا تووشی حاڵەتی دەروونی بووبن كە لە زانستی تەندروستیدا بەوە دەگوترێ "خەمۆكیی شاراوە"، ئەویش یەك لە نیشانەكانی چێژوەنەگرتن لە ژیانە. پزیشكێكی دەروونی ئەو حاڵەتە روون دەكاتەوە.

دكتۆر عەبدولناسر عومەر كە پزیشكی پسپۆری بواری دەروونیی میسرە لە زانكۆی عەین شەمس و بۆ پێگەی "ئەهرام"، نەخۆشیی "خەمۆكیی شاراوە" روون دەكاتەوە كە پێی وایە كەم نین ئەوانەی تووشی حاڵەتەكە دەبن، بە كردەوە و رووخسار و رەنگیان هیچ دەرناكەوێ و وەك كەسێكی ئاسایی ژیانیان بەڕێوە دەچێت، لە كاتێكدا پاڵەپەستۆی زۆریان لە ناخ و ناوەوەیاندا بەسەرەوەیە و ئەویش وا دەكات چێژ لە ژیان نابینن، ئەو پاڵەپەستۆیە لە ناكاودا دروست نابێت، تەنیا لەوكاتەدا نەبێت كە حاڵەتەكە تینی زۆرتری بۆ دێت و نەخۆشییە دەروونییەكەی بە روونی پێوە دیار دەبێت.

لەبارەی جۆری نەخۆشیی "خەمۆكیی شاراوە"وە پزیشكەكە روونی دەكاتەوە، "خەمۆكیی شاراوە" حاڵەتێكی درێژخایەنە و بە ئاسانی نیشانەكانی دەرناكەون و زیاتر لە ناوەوەی تووشبووەكە دەمێنێتەوە، واتە ئەو نیشانانەی پێوە دیار نابینرێت كە لە كەسانی تووشبوو بە نەخۆشیی دەروونی دەردەكەوێت، بۆیە مەترسییەكەی لەوەدایە كەسی تووشبوو لە بەرچاوی خەڵكدا بە ئاسایی دەردەكەوێت، بە ئاسایی دەچێتە سەر كار و پێدەكەنێت و كار دەكات، بەڵام لە ناوەوەیدا وردە وردە چێژی بۆ ژیان نامێنێت و وزەكانیشی كەمتر دەبێتەوە. هاوكات حاڵەتەكە وەك نەخۆشیی روون و دیار زۆر درەنگ دەردەكەوێت.

پزیشكەكە ئەوەیش دەڵێت كە مرۆڤ هەمیشە ژیانی كردەنی و سۆزداریی بە حەماس و ویستی زۆر گەورەوە دەست پێ دەكات و ئومێد و ئاواتی زۆرن، بەڵام كاتێك دەكەوێتە ناو كار و هەوڵدان بۆ بەدیهاتنی ئاواتەكانی، مەرج نییە تەواوی ویستەكانی بە ماوەیەكی دیاریكراو دەستەبەر بكات، لەوكاتەیشدا پاڵەپەستۆی رۆژانەی دەكەوێتە سەر، ئەوەیش وا دەكات رۆژ بە رۆژ حەماسەكەی كەمتر ببێتەوە، واتە ئەوەی پێشتر دڵی پێ خۆش بووە، لەسەری قورستر دەبنەوە و ئەویش وا دەكات چێژی بۆ ژیان نەمێنێت یان كەمتر ببێتەوە، بۆیە ئەو گۆڕانە لە ژیانی و لە ناخیدا، دەگاتە ئاستێك تووشی "خەمۆكیی شاراوە" ببێت.

پزیشكەكە دووپات لە نیشانەكانی خەمۆكیی شاراوە دەكات و بە چەند خاڵێك روونی دەكاتەوە:
- چێژوەرنەگرتن لە كار و ژیان بەگشتی.
- بە كارێكی زۆر ئاسان، هەست بە قورسیی جەستەی دەكات.
- سەرنجی لاواز دەبێت زۆرجاریش شتی لە بیر دەچێتەوە.
- خەوتنی تێكدەچێت و پچڕپچڕ دەبێت.
- چێژ لە چالاكییە رۆژانەكانی نابینێت یان زۆر كەمتر دەبێت.

دواتریش لەبارەی چارەسەر ئەو پزیشكە دەڵێت، خۆشیی ژیان و دڵخۆشی تەنیا بۆ خۆشگوزەرانی نییە، بەڵكو كاریگەریی زۆری لەسەر حاڵەتی دەروونی هەیە كە مرۆڤ دەبێت هەوڵ بدات دەستەبەری بكات، بۆ ئەوەیش كەسی تووشبوو بە خەمۆكیی شاراوە، دەتوانێ هەنگاو بە هەنگاو ژیانی هاوسەنگ بۆ خۆی دروست بكات و چێژ لە ژیان ببینێت، بۆ ئەوەیش پێویستە رێنوێنییەكان لە پزیشكی پسپۆری دەروونی وەربگرێت.

هاوكات دووپات دەكاتەوە كە كەسەكە نابێت پەنابردن بۆ پزیشك بۆ ئەو حاڵەتە بە لاوازی ببینێت، بەڵام دەبێ ئەوە بزانێ ئەو هەنگاوە لە هۆشیارییەوەیە و هەوڵدانە بۆ هاوسەنگیی ژیان، بۆیە پەنابردن بۆ پزیشكی پسپۆری دەروونی و وەرگرتنی رێنوێنییەكان لێی، مەترسیی نەخۆشییەكە زۆر كەمتر دەكاتەوە و بەهۆیەوە دەگەڕێتەوە سەر ژیانی هاوسەنگ و وەرگرتنی چێژ لە ژیان.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د