کاریگەرییە سەرسوڕهێنەرەکانی سیستمی خۆراکی کیتۆ لەسەر شێرپەنجە ئاشکرا کران

:: AM:09:49:17/07/2026 ‌
لە توێژینەوەیەکی نوێدا هاتووە کە ئەمڕۆ هەینی 17ی تەمووزی 2026 بڵاو کراوەتەوە، سیستمی خۆراکی کیتۆ کە پشت بە بڕێکی زۆر لە چەوری و کەمکردنەوەی کاربۆهیدرات دەبەستێت، ڕەنگە کاریگەرییەکەی لەسەر شێرپەنجە بەو شێوەیە نەبێت کە پێشتر پێشبینی دەکرا. توێژینەوەکە دەریخستووە کە کاریگەرییەکە بەپێی بەشی تووشبووی ڕیخۆڵە دەگۆڕێت، چونکە ڕەنگە یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی گەشەی وەرەم لە قۆلۆن، بەڵام لە هەمان کاتدا هاندەر دەبێت بۆ گەشەکردنی وەرەم لە ڕیخۆڵە باریکە.

سیستمی کیتۆ یەکێکە لە بەربڵاوترین سیستمە خۆراکییەکان لە جیهاندا، کە دەیان ساڵ پێش ئێستە بۆ کۆنترۆڵکردنی قەڵەوی بەکار هێنراوە، دواتر توێژینەوەکان فراوانتر بوون بۆ کێش دابەزاندن و نەخۆشییە جیاوازەکانی وەک ئەلزەهایمەر و شێرپەنجە. تیمێکی توێژەران لە پەیمانگەی ماساچۆستس بۆ تەکنەلۆجیا، لێکۆڵینەوەیان لەسەر کاریگەری سیستمی کیتۆ کردووە لەسەر کۆمەڵێک مشکی تاقیگە کە لە ڕووی بۆماوەییەوە دەستکاری کراون بۆ تووشبوون بە وەرەمی ڕیخۆڵە، ئەمەش بۆ زانینی ئەوەی کە ئایا ئەو سوودانەی پێشتر لە شێرپەنجەی قۆلۆن بینراون، بۆ بەشەکانی تری کۆئەندامی هەرسیش هەمان کاریگەرییان هەیە یان نا.

توێژەران سێ سیستمی خۆراکی جیاوازیان لەسەر مشکەکان تاقی کردەوە: یەکێکیان سیستمی کیتۆی دەوڵەمەند بە چەوری و کەم کاربۆهیدرات، دووەمیان سیستمێکی خۆراکی ئاسایی بۆ بەراوردکردن، و سێیەمیان سیستمێکی دەوڵەمەند بە چەوری و کالۆری کە بەزۆری بۆ هاندانی قەڵەوی بەکار دەهێنرێت. ئەنجامەکان ئەوەیان خستە ڕوو کە سیستمی کیتۆ ئەنجامی پێچەوانەی هەبووە، چونکە بووەتە هۆی زیادبوونی گەشەی وەرەم لە ڕیخۆڵە باریکە، لە کاتێکدا بەردەوام بووە لە کەمکردنەوەی گەشەی وەرەم لە قۆلۆن.

توێژەران لە پەیامێکدا ڕایان گەیاندووە کە هۆکاری ئەمە تەنیا ئەو تەنۆلکانە نین کە جەستە لە کاتی بەکارهێنانی چەوری وەک سەرچاوەی سەرەکی وزە بەرهەمیان دەهێنێت، بەڵکوو پەیوەستە بەو شێوازەی کە خانەکانی ڕیخۆڵە مامەڵە لەگەڵ ئەو چەورییە دەکەن کە جەستە لە خۆراکەوە وەریدەگرێت. کاتێک خانەکانی ڕیخۆڵە چەوری تێکدەشکێنن بۆ دەستکەوتنی وزە، جۆرە پڕۆتینێک چالاک دەکەن کە وا دەکات خانە قەدەکان بە خێراییەکی زیاتر دابەش ببن. زۆربوونی ژمارەی ئەم خانانە یارمەتی ڕیخۆڵە باریکە دەدات خۆی چاک بکاتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا مەترسی گۆڕانیان بۆ خانەی شێرپەنجەیی زیاد دەکات.

عومەر یڵماز، سەرۆکی تیمی توێژینەوەکە دووپاتی کردەوە کە زیادبوونی ژمارەی خانە قەدەکان مەترسی لەسەر ڕیخۆڵە دروست دەکات. هاوکات جێسیکا شای، یەکێکی تر لە توێژەرەکان ئەوە دووپات دەکاتەوە کە سیستمی خۆراکی و زیندەچالاکی مەرج نییە هەمان شت بن، بۆیە پێویستە جیاوازی بکرێت لە نێوان کاریگەری خودی سیستمی کیتۆ و کاریگەری تەواوکەرە خۆراکییەکانی کیتۆ.

توێژەران ئەوەشیان ڕوون کردەوە کە ئەم ئەنجامانە بەو مانایە نین کە سیستمی کیتۆ دەبێتە هۆی شێرپەنجە لە مرۆڤدا، چونکە تاقیکردنەوەکان لەسەر ئاژەڵ کراون. بۆیە پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی بزانن ئایا هەمان میکانیزم لە مرۆڤیشدا ڕوو دەدات یان نا. لە ئێستەدا تیمەکە کار دەکات بۆ زانینی هۆکاری جیاوازی وەڵامدانەوەی ڕیخۆڵە باریکە و قۆلۆن بۆ هەمان سیستمی خۆراکی.


وشە - پۆڵا مەحموود