وێڕای ئەوەی بەردەوام پسپۆرانی بواری خۆراك باس لە سوودەكانی تەماتە بۆ تەندروستیی مرۆڤ دەكەن، هاوكات پزیشكێكی تری خۆراك بۆ هەندێك حاڵەت، پێچەوانەكەی دەخاتەڕوو و ئاماژە دەدات، ئەوانەی تووشبووانی هەندێك نەخۆشیی درێژخایەنن ئەگەر زێدەڕۆیی لە خواردنی تەماتە بكەن، زیانی زۆریانن پێ دەگات.
پێگەی "
شەفەق نیوز" رۆشنایی خستووەتەسەر زانیارییەكانی ئەنتۆن بۆلیاكۆڤ پزیشكی بواری خۆراك و غودەیە كە لەبارەی زێدەڕۆیی لە خواردنی تەماتە قسەی كردووە، ئاماژە دەدات كە وێڕای ئەوەی بەهای خۆراكیی تەماتە زۆر بەرزە و سوودە تەندروستییەكانی زۆرن، بەڵام مەرج نییە ئەوە بۆ هەموو كەسێك وەك یەك بێت، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی هەندێك نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە وەك گەدە و هەرس، ئەگەر زێدەڕۆیی لە خواردنی بكەن، زیانی زۆریان پێ دەگات.
ئەو پزیشكە زیاتر دەڵێت كە زیانی بۆ گورچیلە و دروستكردنی بەرد تێیدا هەیە و ئەوانەی بەرد و لم لە گورچیلەیان هەیە، كێشە بۆ گورچیلە دروست دەكات و ئاستی ترشەڵۆكی یۆریك لە جەستەدا بەرز دەكاتەوە. هەروەها زێدەڕۆیی لە خواردنی تەماتە، ئەگەری زۆرە مرۆڤ تووشی قۆڵۆن بكات.
پزیشكەكە دووپاتی دەكاتەوە كە ئەوانەی كێشەی هەوكردنی گەدە یان برینی گەدەیان هەیە، زۆر گرنگە لە خواردنی تەماتە دوور بكەونەوە، چونكە ئەو ترشەی لە ناو تەماتەدا هەیە، كاریگەریی لە دیوارەكانی گەدە دەكات بەتایبەتی ئەگەر هەوكردنی گەدە و برینی هەبێت، بۆ ئەوەیش چارەسەری نەخۆشییەكەی زۆر ئەستەم دەبێت.
دواتریش ئەو پزیشكە دووپاتی كردەوە كە نەك كەمكردنەوەی خواردنی تەماتە بۆ ئەوانەی تووشی نەخۆشییەكانی بەرد و لمی گورچیلە و هەوكردن و برینی گەدە بووبن، بەڵكو پێویستە لە خواردنی دوور بكەونەوە، جیالەوەی زۆر گرنگە زێدەڕۆیی لە خواردنی تەماتە زۆر كەم بكەنەوە بۆ ئەوانەی كێشەی هەرسیان هەیە.