قووتدانی بنێشت تا چەند مەترسیدارە؟

:: PM:09:21:19/07/2026 ‌

رەنگە هەندێك كەس لە رێگەی هەڵەوە یان بەهۆی قسەكردن بنێشت قووت بدەن، بەپێی توێژینەوە نوێكان ئەو حاڵەتە مەترسیدار نییە و ئەو بەشەی بنێشتەكە كە هەرس نابێت، بە هاوشێوەی پاشەڕۆ دوای چەند رۆژێك دەكرێتە دەرەوەی لەش.

شارەزایانی تەندروستی ئاماژە دەكەن كە بنێشت ماوەیەكی زۆر، لە گەدەی مرۆڤ نامێنێتەوە، راستە كۆئەندامی هەرس ناتوانێت بنێشتەكە بە تەواوەتی هەرس بكات و شی بكاتەوە، بەڵام ئەو بەشانە بە هاوشێوەی پاشماوەی هەرسنەكراو بە كەناڵی هەرسدا تێپەڕ دەبن و لە دوای چەند رۆژێك لەگەڵ پاشەڕۆ دەچنە دەرەوە و هیچ كێشەیەكی تەندروستی دروست ناكەن.

شارەزایان دەڵێن، قووتدانی یەك پارچە بنێشت مەترسی نابێت، لەش توانای هەرسكردنی تەواوی پێكهاتەكانی بنێشتی نییە، بەڵام ئەو بەشانە لەگەڵ پاشەڕۆ دەچنە دەرەوە، بنێشت دوای قووتدانی، بە هاوشێوەی خۆراك دەچێتە سورێنچك و گەدە، لەوێ بەهۆی ترشەلۆك و ئەنزیمەكانەوە بۆن و رەنگ و شەكری ناوی هەرس دەبێت، تەنیا بەشێكی دەمێنێت كە لە پۆلیمیراتی سروشتی یان دروستكراو پێك هاتووە، دەچێتە ریخۆڵە باریكە و ریخۆڵە ئەستوورە و لەگەڵ پاشەڕۆ دەكرێتە دەرەوە.  

رەنگە مەترسیداریی حاڵەتەكە كاتێك بێت بنێشتێكی زۆر قووت بدرێت، یان ئەو كەسە منداڵ یان كێشەی گەدەی هەبێت، تووشی داخرانی ریخۆڵەكان ببێت، ئەوەش بە دەگمەن دەبێت و چەند نیشانەیەكی هەیە، وەك ئازاری سك و رشانەوە و ئاوسانی سك و زەحمەتیی دەردانی پاشەڕۆ و غازات و تووشبوون بە قەبزی. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل