توێژەرانی توێژینەوەیەكی نوێ لەبارەی ژیانی نوێی ئێستە و تازەگەر ئاشكرایان كردووە، ئەو گەشەپێدانە خێرایەی ئێستە دنیا بەخۆوەی دەبینێت، لە دەرەوەی توانای عەقڵ و جەستەی مرۆڤە، لە ئاستێكدا مرۆڤ بەئاسانی ناتوانێ مامەڵەی لەگەڵدا بكات، بۆ ئەوەیش كاریگەریی نەرێنیی لەسەر تەندروستیی دەروونی و جەستەیی دروست دەكات.
پێگەی "
عەرەبیە" كە توێژینەوە نوێیەكەی لە بڵاوكراوەی Behavioral Sciences وەرگرتووە كە لەوێدا بڵاو كراوەتەوە، توێژەرانی توێژینەوەكە دووپاتی دەكەنەوە كە ئەو گەشەپێدانە خێرایەی تەواوی دنیای گرتووەتەوە، گەیشتووەتە ئاستێك لە توانای عەقڵی مرۆڤ بەدەرە، چونكە لە سەردەمانی پێشتر مرۆڤ لە چوارچێوەیەكی زۆر بچووكتردا ژیاون، ئێستە و بەپێی قۆناغەكان، پێوەندییەكان زۆر فراوان بوون و تەكنەلۆجیایش بەپێی گەشەپێدانی، بەهەمانشێوە رۆڵی بەرچاو دەبینێت و فراوانتری كردووەتەوە، بۆیە كاریگەرییەكەی بە نەرێنی لەسەر دۆخی دەروونی و جەستەیی مرۆڤ بەڕوونی دیارە.
توێژەرانی توێژینەوەكە لە دامەزراوەكانی ئەكادیمی لە سەنگاپوور، پشتیان بەو تێگەیشتنە بەستووە كە پێی دەڵێن "ئەستەمیی سازان لەگەڵ گەشەپێدان". واتە پێیان وایە مرۆڤ لە كۆن و هەزاران ساڵ بەر لە ئێستە و تا بە ئێستە دەگات، ژمارەیەكی زۆر قۆناغی بڕیوە و پێشتر لە كۆمەڵەی بچووك پێكهاتبوون و بە ئاسانی یەكتریان ناسیوە و مامەڵەیان كردووە، واتە پێوەندییەكان زۆر روون و راستەوخۆ بووە، بەڵام ئێستە بەوە گەیشتووین كە ژیان لەناو كۆمەڵگە گەورەكان پاڵەپەستۆیەكی گەورەتری لەسەر مێشكی مرۆڤ دروست كردووە، دواتریش تووشی ململانێیەكی بێ كۆتایی دەكات، ئەمەیش لە دەرەوەی توانای عەقڵی مرۆڤە.
توێژەران بەوە گەیشتوون كە سروشتی مرۆڤ و ژینگەی نوێی ئێستە، ئەو كێشەیەی دروست كردووە كە ئاستی توانای عەقڵی مرۆڤ ناتوانێ بە ئاسانی لە نێوان سروشتی خۆی و ژینگە نوێیەكە مامەڵە بكات، بۆیە كاتێك پاڵەپەستۆی لەسەر دروست دەبێت، تووشی خەمۆكی و هەستكردن بە تەنیایی و دڵەڕاوكێ دەبێت، جیالەوەی بەهۆیەوە كێشەی تەندروستیی وەك قەڵەوی رووی تێدەكات، دواتریش چەندان جۆری نەخۆشی بەهۆی ئەو قەڵەوییەوە و دۆخی دەروونی تووشی دەبن.
سارە چان لێكۆڵەر لە بواری زانستی دەروونی لەوبارەیەوە دەڵێت، نابێ خەمۆكی و دڵەڕاوكێ و گۆشەگیری بە كێشەی كەسی تەماشا بكرێت، بەڵكو پێوەستە بەو ژینگەیەی كەسەكە تێیدا دەژیت، كاتێك گەشەپێدانەكە زۆر بە خێرایی دەبێت، ئەوكات لەگەڵ گەشەپێدانی جەستەیی و عەقڵی مرۆڤ یەك ناگرنەوە، هەر لەبەر ئەوەشە ململانێكان فراوانتر دەبنەوە و مرۆڤ بەهۆیەوە تووشی نەخۆشییە دەروونییەكان دەبێت.
توێژینەوەكە روونی كردووەتەوە كە ململانێ دیاردەیەكی نوێ نییە و پێشتریش لەناو مرۆڤدا هەبووە، بەڵام ئێستە و بەهۆی ژیانی نوێ و تازەگەری، هاوكات بەهۆی بەردەوامیی بوونی ئینتەرنێت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، زۆر فراوانتر بوون، چونكە پێشتر هەر كەسێك خۆی لە كۆمەڵگەیەكی دیاركراودا دەبینییەوە و هەڵسوكەوتی لەگەڵ ئەو كۆمەڵكە بچووكە بووە، بەڵام ئێستە بەهۆی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە هەمان كەس خۆی لە پێوەندییەكانی لەگەڵ هاوڕێی زۆر و خزمی زۆر و تەنانەت كەسانی بیانیش دەبینێتەوە، زۆرجاریش پێوەندییەكە بە ویستی خۆیشی نەبووە.
دواتریش ئاماژە بەوە دەدەن كە ئەگەر بەراورد بە قۆناغەكانی پێشتر و ئێستەی ژیانی نوێ و تازەگەر بكرێت، بەڕوونی دەبینرێ كە خەڵكێكی زۆر لەم سەردەمەدا تووشی حاڵەتی دەروونی دەبن و هۆكارەكەی ئاستی توانای عەقڵیی خۆیانە، لەبەرئەوەی گەشەی عەقڵی كەسەكە لەگەڵ گەشەپێدانی ژیانی نوێ ە تازەگەری، لە یەك ئاستدا نین.