شارەزایان: لەهۆشخۆچوونی كتوپڕ مەترسیدارە

:: PM:09:31:23/07/2026 ‌

رەنگە هەندێك كەس وەك شتێكی ئاسایی سەیری لەهۆشخۆچوونی كتوپڕ بكەن، بەڵام لە هەندێك حاڵەتەدا رەنگە ئاماژەیەك بێت بۆ بوونی كێشەیەكی مەترسیداری تەندروستی لە لەش، بەتایبەتی ئەگەر پێوەندیی بە كێشە لە دڵ یان سووڕی خوێنەوە هەبێت، بۆیە پێویستە ئەو كەسانە بۆ دڵنیابوونەوە پشكنین بكەن.

د. محەمەد روشدی راوێژكاری نەخۆشییەكانی دڵ و لوولەكانی خوێن دەڵێت، لەهۆشخۆچوون بەهۆی كەمبوونەوەی كاتیی گەیشتنی خوێن و ئۆكسجین بۆ مێشك روودەدات، دەبێتە هۆی لەهۆشخۆچوون بۆ ماوەیەكی كورت، هۆكاری ئەو حاڵەتە لە نێوان سادە و ئاڵۆز دەگۆڕێت، كە پێویست بە سەردانی پزیشكی شارەزا دەكات.

زیاتر گوتی، هۆكارەكان بە گشتی دوو جۆرن، پێوەندیدار بە دڵ و هۆكاری جگە لەوە، ئەوانەی پێوەندییان بە دڵەوە هەیە مەترسیدارترن، چونكە ئاماژەن بۆ بوونی كێشەیەك كە كار لە توانای دڵ دەكات بۆ پاڵنانی خوێن بە شێوەیەكی ئاسایی بەرەو بەشەكانی لەش، لەوانە مێشك، لەوانە تێكچوونی سیستمەكانی دڵ، وەك خێرابوون و سستبوونەوەی لێدانی دڵ و لاوازیی ماسولكەی دڵ و تەسكبوونەوە دەمەوانەكان و كەمبوونەوەی توانای پاڵنانی خوێن.

وەك ئەو پزیشكە ئاماژە دەكات، هەندێك هۆكاری تری لەهۆشخۆچوون هەن پێوەندییان بە دڵەوە نییە، وەك دابەزینی پەستانی خوێن لە كاتی وەستان یان پێوەندیدار بە دەمارەكان، ئەوانە بەهۆی وشكهەڵگەڕان یان زۆر وەستان یان راراییەكی زۆر و ئازاری كتوپڕ و هیتریش روو دەدەن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل